پسپۆڕێکی ژینگە مەترسییەکانی پیسبوونی هەوای ناوماڵ رووندەکاتەوە

دکتۆر ئاکۆ رەشید، پسپۆڕی ژینگە

دکتۆر ئاکۆ رەشید، پسپۆڕی ژینگە، لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لە بوڵتنی تەندروستیی کەناڵ8, بە وردی باسی لە هۆکارەکانی پیسبوونی هەوای ناوماڵ کرد.

بۆچی کاریگەریی هەوای ناوماڵ لەسەر تەندروستی زیاترە؟

لەگەڵ ئەوەی زۆرجار هاونیشتمانییان پێیان وایە کە تەنیا پیسبوونی کەشوهەوای دەرەوە کاریگەریی لەسەر شێوازی ژیان و تەندروستی هەیە بەڵام دکتۆر ئاکۆ گوتی "هەوای ناوماڵ کاریگەری زیاترە لەسەر تەندروستی و شێوازی ژیانمان چونکە ماڵەوە شوێنێکی داخراوە و گەردیلە پیسەکان چڕترن تێیدا و بەرکەوتنی راستەوخۆیان لەگەڵمان هەیە. هەروەها هاونیشمانیان کاتێکی زیاتر لە ناو ماڵەکانیان بەسەردەبەن بەراورد بە دەرەوە".

کێن ئەو کەسانەی کاریگەریی هەوای ناوماڵیان زیاتر تێدادەردەکەوێت؟

" ئەو کەسانەی کە زیاتر کاریگەرن بە هەوای ناوماڵ و بەرکەوتنیان زیاتر لەگەڵی هەیە، منداڵان و خانمانن، ئەمەش هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە منداڵان و خانمان کاتێکی زیاتر لە ماڵەوە بەسەردەبەن، خانمان چێشت لێدەنێن و زیاتر لەبەردەمی ئامێری چێشتلێنەردان، هەروەها گەردیلە پیسەکان زیاتر لە نزیک زەویدا کۆدەبنەوە، بەهۆی ئەوەی منداڵانیش بچوکن، نزیکن لە زەویەوە، هەربۆیە زیاتر کاریگەردەبن بە هەوای ناوماڵ"

هۆکارەکانی پیسبوونی هەوای ناوماڵ چین؟

دکتۆر ئاکۆ باسیشی لە هۆکارەکانی پیسبوونی هەوای ناوماڵ کرد و بەکارهێنانی گاز و نەوتی بۆ چێشتلێنان و زۆپا وەکو کوشندەترین و سەرەکیترین هۆکاری پیسبوونی هەوای ناوماڵ ناوبرد.
بۆ کەمکردنەوەی ئەم کاریگەرییانەش پسپۆڕەکە گوتی "گرنگە لە مەتبەخدا هەواکێش هەبێت و زۆپاش لە شوێنێک دابنرێت کە ئاڵوگۆڕی هەوای تێدابێت و لەکاتی دروستکردنی خانودا ماددەی دابڕێنەری گەرمی بەکاربهێنرێت بۆئەوەی پێویستمان بە کەمترین بڕی نەوت و گاز بێت".
پسپۆڕەکە سەرنجی خستەسەر یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی پیسبوونی هەوای ناوماڵ، ئەویش بەکارهێنانی ئەو ماددانەیە کە بۆنیان هەیە و ژەهراوین وەکو هەندێک جۆری رووپۆشی دیوار و بنمیچی ناوماڵ، چونکە بە تێپەڕبوونی کات ئەگەر ئەم ماددانە هەڵم یان گەرمییان بەربکەوێت، ئەوا هەوای ناوماڵ پیسدەکەن.
بۆ ئەم مەبەستەش، گرنگە لە کاتی خانودروستکردندا، بۆ هەڵبژاردنی باشترین و تەندروستترین ماددەکان، راوێژ بە ئەندازیار بکرێت.

چۆن دەکرێت رێژەی پیسبوونی هەوای ناوماڵ بزانرێت؟

دکتۆر ئاکۆ گوتیشی " هەندێکجار لەوانەیە ئەندامانی خێزانێک وابزانن ماڵەوەیان پاکە، بەڵام لە راستیدا هەوای ناوماڵەکەیان پاکنەبێت. بۆ مەبەستی دیاریکردنی رێژەی پیسبوونی هەوای ناوماڵیش دەکرێت ئامێری پشکنەری هەوای ناوماڵ بەکاربێت، کە دەتوانێت هەست بە هەبوونی گازە زیانبەخشەکان و هەڵم بکات لە هەوای ناوماڵدا و بەگوێرەی پیسی هەواکە، خاوەن ماڵەکە دەتوانێت بە کردنەوەی دەرگا و پەنجەرەکانیان هەواگۆڕکێ لە ماڵەکەدا دروستبکات ".

کام جۆرەی ئامێرە فێنککەرەوەکان تەندروستترە؟

سەبارەت بە جۆرە جیاوازەکانی فێنککەرەوە دکتۆر ئاکۆ گوتی " تاوەکو هەوای دەرەوە بێتە ژوورەوە باشترە، هەربۆیە هەوای موبەڕیدە تەندروستترە بەراورد بە هەوای سپلیت، چونکە هەوای سپلیت هەوای ماڵەوە ناگۆڕێت و هەر هەوای ناوماڵەکەیە دەیداتەوە"

رێگەکانی رێگریکردن لە دروستبوونی کەڕووی ناوماڵ چیین؟

دکتۆر ئاکۆ باسی لە رۆڵی کەڕوو کرد لە پیسبوونی هەوای ناوماڵدا و گوتی " هەبوونی شێ و هەڵم دەبێتەهۆی دروستبوونی کەڕوو لەسەر دیوار و بنمیچەکاندا، پاشان لەرێگەی هەوای ناوماڵەوە کەڕووەکان دەچنە ناو سییەکانی دانیشتووانی ماڵەکە و دەکرێت تووشی هەستەوەری یان هەوکردنیان بکات. باشترین رێگەش بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی کەڕوو ئەوەیە کە لەو شوینانەی شێ هەیە، هەواکێش و دابڕێنەری هەوای تیدابێت، هەروەها ئەو ماددانەی لەگەڵ شێدا کارلێکدەکەن وەکو تەختە، لەو شوینانەدا بەکارنەهێنرێن و وەکو جێگرەوەیەک، ئەو ماددانە بەکاربهێنرێن کە کەڕوو لەسەریان گەشە ناکات وەکو ماددەی ئاسن، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا گرنگە شوێنەکە راستەوخۆ پاکبکرێتەوە".