نەتەوە یەکگرتووەکان: ساڵی 2023 کارەساتی سروشتی زۆرترین زیانی لە ئاسیا داوە

پیاوێک لە فلیپین فۆتۆ: AFP

رێکخراوی کەشناسیی جیهانی رۆژی سێشەممە رایگەیاندووە، ئاسیا ئەو ناوچەیە بووە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە بەهۆی کارەساتەکانی پەیوەست بە کەشوهەوا لەساڵی 2023دا، چونکە لافاو و زریانەکان قوربانی و کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئابووری هەبووە.

سێلێست ساولۆ، سکرتێری گشتیی رێکخراوەکە لە راپۆرتێکدا کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاندووە، "2023 گەرمترین ساڵ بووە کە تاوەکو ئێستا زۆرێک لە وڵاتانی ئاسیا بە درێژایی مێژووی خۆیان بینیویانە، جگە لەو هەلومەرجە نا سەقامگیرەی کەشوهەوا لە وشکەساڵی و گەرماوە تاوەکو لافاو و زریانەکان".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "گۆڕانکاریی کەشوهەوا، کاریگەریی قووڵی لەسەر کۆمەڵگا و ئابووری و لە هەمووی گرنگتر لەسەر ژیانی مرۆڤ و ئەو ژینگەیەی کە تێیدا دەژین، هەیە".

ئەم راپۆرتەی کەشوهەوای ئاسیا 2023 تیشکدەخاتە سەر خێرابوونی رێژەی پێوەرە سەرەکییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، وەک پلەی گەرمیی رووی زەوی، توانەوەی سەهۆڵ و بەرزبوونەوەی ئاستی دەریا، کە لێکەوتەی گەورەی دەبێت بۆ کۆمەڵگا و ئابووری و ئیکۆسیستەمی ناوچەکە.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، لە ساڵی 2023 پلەی گەرمیی رووی دەریاکان لە باکووری رۆژئاوای زەریای هێمن بەرزترین ئاستی تاوەکو ئێستا تۆمار کردووە، تەنانەت ناوچەی جەمسەری باکووریش بەهۆی شەپۆلێکی گەرمای دەریاییەوە کاریگەر بووە.

پلەکانی گەرما لە ئاسیا خێراتر لە تێکڕای جیهانی بەرز دەبنەوە، ئەم ئاستی گەرمبوونە لە ساڵی 1961-1990ەوە نزیکەی دوو هێندە زیادی کردووە.

بەگوێرەی داتابەیسی نێودەوڵەتیی کارەساتەکان، لە ساڵی 2023دا بە گشتی 79 کارەسات لە ئاسیادا تۆمارکراون کە بەهۆی کەشوهەوای سەخت و دیاردەی هایدرۆلۆجییەوە روویانداوە.

زیاتر لە سەدا 80ی ئەم کارەساتانە پەیوەندییان بە لافاو و زریانەکانەوە هەبووە و لە ئەنجامدا زیاتر لە دوو هەزار کەس گیانیانلەدەستداوە و راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر نۆ ملیۆن کەسی دیکە هەبووە.

ئارمیدە سالێسیا، سکرتێری جێبەجێکاری کۆمیسیۆنی ئابووری و کۆمەڵایەتی بۆ ئاسیا و زەریای هێمن، دەڵێت: "ئەو وڵاتانەی کە پێشتر مەترسییان لەسەر بوو، لە ساڵی 2023دا جارێکی دیکە هەمان کاریگەرییان لەسەر بووە، دەشڵێت: "گەر لە کەنداوی بەنگال لە دەیەی رابردوودا بەهۆی "ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و ئامادەکاری باشترەوە نەبووایە، ژیانی هەزاران کەس دەکەوتە مەترسییەوە بەهۆی کارەساتە سروشتییەکانەوە".