/

بەهۆی زریانەوە 11 کەس لە چین بێسەروشوێنبوون و هەزاران کەس ماڵەکانیان جێهێشتووە

لە چەند رۆژی رابردوودا بارانێکی بەخوڕ پارێزگای گوانگدۆنگی لە باشووری چين گرتەوە و ترسی دروستبوونی لافاوێکی توندی دروستکردووە، میدیای فەرمیی چين دەڵێت، دەکرێت لافاوەکە لەو جۆرەبێت کە تەنيا يەکجار لە سەدەيەکدا روودەدات.

ئاژانسی هەواڵی شینخوا بە پشتبەستن بە زانيارييەکانی بەشی بەڕێوەبردنی فریاکەوتنی ناوخۆیی رایگەیاندووە، "11 کەس بێسەروشوێنبوون، دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا بارانبارینی بەخوڕ  و بەردەوام زۆرینەی ناوچەکانی گوانگدۆنگی گرتەوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، زیاتر لە 53 هەزار کەس لە سەرانسەری پارێزگاکەدا ماڵەکانيان چۆڵکردووە و گواستراونەتەوە بۆ ناوچەکانی ديکە، ئەوە لە کاتێکدایە ژمارەى دانیشتوانى ئەم پارێزگایە 127 ملیۆن کەسە.

راشيگەياندووە، لەو ژمارەیە زیاتر لە 45 هەزار کەسیان لە شاری چینگیان لە باکووری گوانگدۆنگ ماڵەکانيان چۆڵکردووە کە دەکەونە کەنارەکانی رووباری بێی.

پێشبینیدەکرێت رۆژی دووشەممە بارانبارینی بەخوڕ بەردەوام بێت، بەرپرسانی کەشناسی پێشبینی رەشەبا و بای بەهێز لە ئاوە کەنارییەکانی گوانگدۆنگ کە هاوسنوورە لەگەڵ شارە گەورەکانی هۆنگ کۆنگ و شنژن.

سەنتەری نیشتمانیی کەشناسی رایگەیاندووە، پارێزگاکانی دراوسێی گوانگدۆنگ، لەوانەش لە فوجیان، گویژۆ و گوانگشی، کاریگەری بارانبارینی بەخوڕی کورتخایەنیان لەسەر دەبێت.

_