بەهۆی لافاوەوە هەزار و 800 خانوو لە رووسیا ژێرئاوکەوتوون

دیمەنێکی لافاوەکە

ئاستی ئاوی رووباری ئوڕاڵ بە رێژەی 225 سانتیمەتر لە نزیک شارى ئۆرنبێرگى رووسیا بەرزبووەوە، لە 24 کاتژمێرى رابردووشدا هەزار و 800 خانوو شارەکە ژێرئاوکەوتوون.

ئەمڕۆ شەممە، 13ـی نیسانى 2024، نووسینگەی سەرۆکی شارەوانیی هەرێمی ئۆرنبۆرگ لە کەناڵی تەلەگرامی خۆی بڵاویکردەوە، "ئاستی ئاوی رووباری ئوڕاڵ لە نزیک ئۆرنبۆرگ بە رێژەی 225 سانتیمەتر بەرزبووەتەوە و ئاستى مەترسیدارى لە ناوچەکە تێپەڕاندووە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "تاوەکو کاتژمێر 14 بە کاتى مۆسکۆ، ئاستی ئاوی رووباری ئوڕاڵ لە نزیک ئۆرنبۆرگ 185 سانتیمەتر بووە بەڵام دواتر ئاستى ئاوەکە لە 225 سانتیمەترى تێپەڕاندووە".

بەگوتەى بەرپرسانى شارى ئۆرنبێرگ لە 24 کاتژمێرى رابردوودا هەزار و 800 خانوو لە شارەکە بەتەواوى ژێر ئاوکەوتوون.

ئەمساڵ ناوچەکانی باشووری ئوراڵ رووبەڕووی لافاوێکی مەترسیدار بوونەتەوە، رۆژى 5ـی نیسانى 2024، بەهۆى تەقینى بەنداوى ئۆرسکى کە ئاوى رووبارى ئوڕاڵی گلدەدایەوە، دانیشتووانى ئۆرنبێرگ شارەکەیان بەتەواوى چۆڵکرد.

دواتریش بارى نائاسایى لە هەرێمى ئۆرنبێرگ، کورگان و تیومەنی راگەیەندرا و دانیشتووانەکەى بەتەواوى ناوچەکەیان چۆڵکرد، بەگوێرەى خەمڵاندنەکان تاوەکو ئێستا زیانەکان بە زیاتر لە 21 ملیار رۆبڵ مەزەندە دەکرێن.

لافاوەکە بەشێک لە ناوچەکانى کازاخستانى گرتووەتەوە و بەگوتەى بەرپرسانى ئەو وڵاتەش، لافاوەکانی ئێستا لە ماوەی 80 ساڵی رابردوودا گەورەترینە و لە هەندێک ناوچەی ئەو وڵاتەش باری نائاسایی راگەیەندراوە.