وەزیرى سامانە سروشتییەکان داوا لە ئەمریکا دەکات ژێرخانى وزەى هەرێمى کوردستان بپارێزێت

کۆبوونەوەى کەمال محەمەد و مارک سترۆ. فۆتۆ: پەڕەى وەزارەتى سامانە سروشتییەکان لە فەیسبووک

وەزیرى سامانە سروشتییەکانى هەرێمى کوردستان بەوەکالەت داوا لە ئەمریکا دەکات، هەوڵەکانى بۆ پاراستنى ژێرخانى وزە و ئابوورى هەرێمى کوردستان چڕبکاتەوە.

کەمال محەمەد، وەزیرى سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت و مارک سترۆ، کونسوڵى گشتى ئەمریکا لە هەرێمى کوردستان کۆبوونەوە و گفتوگۆ لەبارەى هێرشە درۆنییەکەى سەر کێڵگەى گازى کۆرمۆر کرا.

کونسوڵى ئەمریکا لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند، وڵاتەکەى بە توندى سەرکۆنەى هێرشەکەى سەر کۆرمۆر دەکات و بۆ رێگرى لەو هێرشە تیرۆریستییانە پاڵپشتى لە هەردوو حکومەتى هەرێمى کوردستان و عێراق دەکات.

گوتیشى، وەزارەتى دەرەوەى وڵاتەکەى لە نزیکەوە چاودێرى و بەدواداچوون بۆ گۆڕانکارییەکان دەکات و هەوڵەکانى بۆ پشتگیرى لە ئارامى و ئاسایشى هەرێمى کوردستان و رێگرتن لە بەزاندنى سەروەرى عێراق بەردەوام دەبێت.

هاوکات، وەزیرى سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت رایگەیاند، جارى نۆیەمە هێرشدەکرێتەسەر کێڵگەى کۆرمۆر و زیان بە ئابووریى هەرێمى کوردستان و حکومەتى عێراق دەگەیەندرێت، داواشیکرد ئەمریکا هەوڵەکانى چڕبکاتەوە بۆ پاراستنى ژێرخانى وزە و ئابووریى هەرێمى کوردستان.

رۆژى 26ـى نیسان، بە درۆن هێرشکرایەسەر کێڵگەى گازى کۆرمۆر و بەهۆیەوە چوار کارمەند گیانیانلەدەستدا و ژمارەیەکى دیکەش برینداربوون.