لە رووسیا هەزاران کەس بەهۆى لافاوەوە ناوچەکانیان بەجێهێشتووە

دانیشتووان و دەسەڵاتدارانی ناوچەکانی تیومێن و کورگانی رووسیا بەردەوامن لە دانانى کیسەخۆڵ تاوەکو کەنارى رووبارەکان داپۆشن بۆ کەمکردنەوەى مەترسیى لافاو.

کەناڵى ئارتى ئارى رووسیا بڵاویکردەوە، ئاستى ئاوی رووبارى ئیشم 10 مەتر و 50 سانتیمەتر بەرزبووەتەوە، دوای ئەوەی لە دوو رۆژى رابردوودا مەترێک و 50 سانتیمەتر زیادیکرد، ئەوەش مەترسیی دروستبوونى لافاوی زیاترکردووە کە کەوتووەتە نێوان هەرێمەکانى تیومێن و کورگانی رووسیا.

دەسەڵاتدارانی رووسیا ئەوەیان خستووەتەڕوو، نزیکەی 20 هەزار کەسیان لە ناوچە لافاولێدراوەکانی نێوان هەردوو هەرێمەکە چۆڵکراون.

هاوڵاتییانى ناوچەکە هەموو هەوڵەکانیان بە ئاڕاستەی بەهێزکردنی بەنداوەکە چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی بەهۆى لافاوەوە دانەڕمێت و هەموو ئەو خانووانە رزگاربکەن کە لەناوچەکەدا بوونیان هەیە.