نەتەوەیەکگرتووەکان: لە غەززە رۆژانە 37 منداڵ دایکیان لەدەستدەدەن

ژنێك لە كەرتی غەززە، ئاوی وەرگرتووە و چەند منداڵێكیش لە دەورین. فۆتۆ: AFP

ئاژانسی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ بەھاناوەچوون و کاروباری پەنابەرانی فەڵەستین (UNRWA) بڵاویکردەوە، رۆژانە لە کەرتی غەززە کە حەوت مانگە ئیسرائیل بەردەوام هێرشیدەکاتەسەر، 37 منداڵ دایکیان لەدەستدەدەن.

لە راگەیاندراوێکدا کە لە هەژماری تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئاژانسەکەدا بڵاوکراوەتەوە هاتووە، "جەنگی غەززە وەکو جەنگێکی دژ بە ژنان درێژەی هەیە".

باس لەوەشکراوە، لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ەوە تاوەکو ئێستا، لە غەززە کە لەژێر هێرشی سوپای ئیسرائیلدایە 10 هەزار ژن کوژراون و 19 هەزاری دیکەش برینداربوون، رۆژانە 37 منداڵ دایکیان لەدەستدەدەن.

هەر بەگوێرەی راگەیەندراوە، "هەلومەرجەکان زۆر سەختن و زیاتر لە 155 هەزار ژنی دووگیان یاخود شیردەر بە ئەستەم دەستیان دەگات بە ئاو یاخود پێداویستییەکانی پاککەرەوە".