خۆشوشتنی رۆژانە زیان بە پێست دەگەیەنێت

ئێستا بەشێکی زۆری هاونیشمانیان ئەگەر لە رۆژێکدا چەند جارێکیش خۆیان نەشۆن، ئەوا هەموو رۆژێک خۆیان دەشۆن و ئەمەش تا راددەیەک بووەتە نەریت و دیاردە.

پسپۆڕان پێیان وایە خۆشوشتنی رۆژانە یان چەند جارێک خۆشوشتن لە رۆژێکدا، سوودی تەندروستیی نییە و تەنانەت دەکرێت زیان بە تەندروستیی پێست بگەیەنێت.

پسپۆڕان دەڵێن خۆشوشتنی رۆژانە، چەوری و بەکتریا سوودبەخشەکانی سەر پێست ناهێڵێت و دەبێتەهۆی وشکبوونەوە، خووران و زیانگەیاندن بە پێست.

وشکبوونەوەی پێستیش رێگەخۆشکەرە بۆ تووشبوون بە هەوکردن، هەستەوەری و چونەژوورەوەی بەکتریای زیانبەش لە قڵیشەکانی پێستەوە.

هاوکات، خۆشوشتنی رۆژانە دەبێتەهۆی دابەزینی سیستمی بەرگری، چونکە سیستمی بەرگری پێویستی بەوەیە کە رۆژانە بەرکەوتنی لەگەڵ میکرۆبەکان هەبێت بۆئەوەی بەرگری لە دژیان دروستبکات، بەڵام خۆشوشتنی رۆژانە هۆکارە بۆئەوەی جەستە بەرکەوتنی لەگەڵ میکرۆبەکان زۆر کەمترببێتەوە و لە ئەنجامدا جەستە ناتوانێت بەرگری دژی میکرۆبەکان دروستبکات و سیستمی بەرگری دادەبەزێت.

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، ئەو کەسانەی رۆژانە خۆیان دەشۆن، بەرکەوتنیان زیاترە لەگەڵ ئەو ماددە کیمیاییانەی لەناو ئاو هەن وەکو خوێ، کلۆر، فلۆراید و ماددە قڕکەرەکان، ئەمە بێجگە لەو ماددە کیمیاییانەی لەناو بەرهەمە پاککەرەوەکانی قژیشدا هەن.

پسپۆڕان دەڵێن؛ لەگەڵ ئەوەی خۆشوشتنی رۆژانە سوودی بۆ تەندروستی نییە، دەکرێت زیانیشی بۆی هەبێت، هەروەها ئاوێکی زیاتریش بەفیڕۆ بچێت و لە ئەنجامدا زیان بە ژینگەش بگات.