چۆن خانمانی دووگیان دەتوانن گرنگی بە تەندروستیی دەم و ددانیان بدەن؟

 .دووگیانی دەبێتەهۆی گۆڕانی هۆڕمۆنی لە خانماندا کە دەکرێت هۆکاربێت بۆ نەخۆشییەکانی پووک و زیان بە تەندروستیی دایک و کۆرپەلەکەش بگەیەنێت، هەربۆیە پێویستە گرنگی تەواو بە تەندروستیی دەم و ددان بدرێت لە ماوەی دووگیانیدا.

پێش دووگیانی چی بکرێت باشە؟ 

وا باشە هەوڵبدرێت پێش دووگیانی سەردانی پزیشکی ددان بکرێت بە مەبەستی پشکنین و چارەسەرکردنی گرفتەکانی ددان، بۆ نموونە ئەنجامدانی پڕکردنەوە و دەماربڕین ئەگەر پێویستبێت.

لە ماوەی دووگیانیدا

  • رۆتینی گرنگیدان بە دەم و ددان لە کاتی دووگیانیدا گرنگە چونکە بەهۆی گۆڕانی هۆڕمۆنی خانمان لەو ماوەیەدا، مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی پووک، دەموشکی و کلۆری ددان زیاترە و پێویستە گرنگی زیاتر بدرێت بە تەندروستیی دەم و ددان.
  • پاش وەرگرتنی رەزامەندیی پزیشکی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون، پزیشکی ددان دەتوانێت چارەسەری گرفتەکانی خانمانی دووگیان بکەن، بەڵام واباشترە لە سێ مانگی سەرەتا و سێ مانگی کۆتایی دووگیانیدا هیچ چارەسەرێک ئەنجامنەدرێت بۆ خانمانی دووگیان، ئەگەریش پێویستبکات لە سێ مانگی دووەمی دووگیانی دەکرێت چارەسەر وەربگرێت، هەروەها دەتوانرێت تیشک بگیرێت بۆ چارەخوازەکە و هیچ زیانێکی پێناگەیەنێت.
  • لەکاتی سەردانیکردنی پزیشکی دداندا گرنگە خانمە دووگیانەکە رەچاوی ئەم خالانەی خوارەوە بکات:

-پێویستە پزیشکەکە لە دووگیانیی خانمەکە ئاگاداربکرێتەوە

-پێویستە خانمەکە پزیشکی ددانەکە لە هەموو ئەو دەرمانانە ئاگاداربکاتەوە کە بەکاریاندەهێنێت

-پێویستە خانمە دووگیانەکە لەگەڵ پزیشکی ددانەکەیدا ئاماژە بەو رێنماییانە بدات کە پزیشکی ژنان و منداڵبوون پێیداوە

هەموو ئەو خاڵانەی سەرەوە گرنگن چونکە پزیشکی ددان بە گوێرەی ئەو زانیارییانە جۆری چارەسەرەکە دیاریدەکات بۆئەوەی کەمترین زیان بەر تەندروستیی خانمەکە و کۆرپەکە بکەوێت.

  • نابێت خانمانی دووگیان پشکنینی ماوەماوەی ددان پشتگوێبخەن بۆئەوەی لە ئەگەری دروستبوونی هەر گرفتێکی دداندا کە پەیوەستبێت بە دووگیانییەکەوە وەکو نەخۆشییەکانی پووک، دەموشکی و داخورانی ددان، پزیشکی ددان بە زووترین کات چارەسەریان بکات.