توێژینەوەیەکی نوێ دایکان دڵنیادەکاتەوە لە بێزیانی ئازارشکێنی پاراسیتامۆڵ لەکاتی دووگیانیدا

دوای ئەوەی لە ماوەی پێشوودا توێژینەوەیەک لەسەر دەرمانی پاراسیتامۆڵ بڵاوکرایەوە و بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە ئەو خانمانەی لەکاتی دووگیانیدا دەرمانەکە بەکاردەهێنن منداڵەکانیان مەترسیی تووشبوونیان بە پەشێویی ئۆتیزم، پەشێویی فرەجوڵەیی و کەمسەرنجی  و گرفتە هزرییەکان زیاددەکات، گومانێکی زۆر سەبارەت بە سەلامەتیی دەرمانەکە لای خانمان دروستبوو.

توێژینەوەیەکی نوێ کە لە گۆڤاری کۆمەڵەی پزیشکی لە ئەمریکا بڵاوکراوەتەوە، لەسەر دوو ملیۆن و 400 هەزار منداڵی سویدی ئەنجامدراوە، توێژینەوەکە بە گەورەترین توێژینەوە دادەنرێت کە لەسەر ئەم بابەتە ئەنجامدرابێت.
بەشداربووانی توێژینەوەکە لە ژمارەیەکی زۆر خوشک و برا پێکهاتبوون، هۆکاری ئەوەی پسپۆڕان دەیانویست توێژینەوەکەیان لەسەر خوشک و براکان بێت ئەوەبوو کە لە جیندا هاوبەشن و لە یەک ژینگەدا گەورەبوون، ئەمەش وایکرد کە کاریگەرییەکانی جین و شێوازی پەروەردەکردنی منداڵەکان ئەنجامەکانی توێژینەوەکە بە لاڕێدا نەبەن.

بۆ نمونە ئەگەر خوشک و برایەک بەشدارییان کردبێت، یەکێکیان کاتێک لە سکی دایکیدا بووە، دایکی پاراسیتامۆڵی بەکارهێناوە. کاتێکیش منداڵەکەی دیکەی لە سکدا بووە، دەرمانەکەی بە هیچ جۆرێک بەکانەهێناوە.

بە گشتی ئەو خوشک و برایانە هەڵبژێردران کە ئەو تایبەتمەندیەیان هەبوو، بۆئەوەی بە تەواوی و بە وردترین شێواز لە کاریگەرییەکانی دەرمانەکە لەسەر منداڵەکان بکۆڵنەوە و بزانن کە ئایا بەڕاستی دەرمانەکە مەترسیی تووشبوونی منداڵەکانی زیادکردووە بە پەشێوی ئۆتیزم و فرەجوڵەیی و کەم سەرنجی یان نا؟

لە ئەنجامی توێژینەوەکەدا دەرکەوت کە پاراسیتامۆڵ نابێتەهۆی زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە هیچ یەکێک لە پەشێویی ئۆتیزم، پەشێوی فرەجوڵەیی و کەمتەرکیزی و گرفتە هزرییەکان.

پسپۆڕان دەڵێن لەوانەیە لەو توێژینەوەیەی پێشوودا چەند هۆکارێکی دیکە جگە لە ئازارشکێنی پاراسیتامۆڵ، مەترسیی تووشبوونیان بەو گرفتانە زیاترکردبێت و توێژەران رەچاویان نەکردبن.