بۆچی هەندێک خانم لەکاتی دووگیانیدا تووشی رشانەوە دەبن؟

گرفتی رشانەوەی کاتی دووگیانی دەکرێت ژیانی رۆژانەی خانمی تووشبوو تێکبدات

ئێڵنجدان و رشانەوەی کاتی دووگیانی گرفتێکە لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانییەوە(زۆرجار پاش شەش هەفتەی یەکەم) تووشی خانمەکە دەبێت.

ئەو خانمانەی تووشی گرفتەکە دەبن رۆژانە لە سێ جار زیاتر تووشی رشانەوە دەبن. بەهۆی ئەوەی خانمی تووشبوو شلەیەکی زۆر لەڕێگەی رشانەوەوە لەدەستدەدات، لەوانەیە ئەم گرفتە خانمەکە دووچاری وشکبوونەوە بکەن، بۆیە خانمانی تووشبوو باشترە چارەسەری پێویست وەربگرن، ئەم گرفتە چەند چارەسەرێکی جیاوازی هەیە.

نیشانەکانی رشانەوەی کاتی دووگیانی چین؟

باوترین نیشانەکانی رشانەوەی کاتی دووگیانی ئەمانەن:

  • ئێڵنجدان
  • رشانەوە(رۆژانە لە سێ جار زیاتر)
  • دابەزینی کێش
  • وشکبوونەوە
  • سەرگێژخواردن
  • سەرئێشە
  • شەکەتییەکی زۆر
  • بوورانەوە

هۆکاری ئەم گرفتە چییە؟

پسپۆڕان هێشتا هۆکاری ئەم گرفتەیان بە تەواوی بۆ رووننەبووەتەوە، بەڵام دەڵێن لەوانەیە گۆڕانی هۆرمۆنیی کاتی دووگیانی هۆکاربێت. لە دووگیانیدا هۆرمۆنی HCG لە هەفتەی دەیەمی دووگیانیدا بەرزترین رێژەی هەیە، زۆرینەی چارەخوازانیش لەم کاتەدا گرفتەکەیان بۆ دروستدەبێت. هۆرمۆنی ئێسترۆجین یەکێکی دیکەیە لەو هۆرمۆنانەی کە دەکرێت رۆڵی لە دروستبوونی گرفتەکەدا هەبێت.

رشانەوەی کاتی دووگیانی لە کێدا زیاترە؟

هەندێک خانم مەترسییان زیاترە تووشی ئەم گرفتە ببن:

  • ئەوانەی لە دووگیانی پێشوودا هەمان گرفتیان هەبووە
  • ئەو خانمانەی جمک(دووانەیان) دەبێت
  • ئەوانەی یەکەم دووگیانییانە
  • ئەوانەی مێژووی خێزانیی گرفتەکەیان هەیە
  • ئەو خانمانەی شەقیقەیان هەیە

گرفتەکە چۆن چارەسەر دەکرێت؟

چارەسەری رشانەوەی کاتی دووگیانی بەگوێرەی توندیی نیشانەکان دەگۆڕێت، لەکاتی سەردانیکردنی پزیشك دەکرێت ئەم رێگەچارانە بە خانمەکە بوترێت:

  • گۆڕانکاریی لە شێوازی ژیاندا: خواردنی ژەمێکی سووک و دووبارەکردنەوەی ژەمەکە هەموو دوو کاتژمێر جارێک، باشترە ئەو خۆراکانە بخورێت کە تەڕ نین، بسکویتی سوێر، سەمون و برنج نموونەی ئەو خۆراکانەن کە وشکن و کەمتر دەبنەهۆی ئێڵنجدان. باشترە خۆراکە چەور و توونەکان نەخورێن.
  • دەرمانی دژەئێڵنجدان: دەکرێت ڤیتامینێک یان دەرمانێکی تایبەت بە ئێڵنجدان بێت

رشانەوەی کاتی دووگیانی کەی تەواودەبێت؟

زۆرجار گرفتەکە پاش سێ مانگی یەکەمی دووگیانی تەواودەبێت، بەڵام لەوانەشە تا لەدایکبوونی منداڵەکە خانمی تووشبوو گرفتەکی هەبێت.