لە کاتی شکانی ددان چی بکرێت؟

لە کاتی حاڵەتی کتوپڕی دداندا دەبێت سەردانی پزیشکی ددان بكرێت

حاڵەتە کتوپڕەکانی ددان، ئەو کێشانە دەگرنەوە کە لە ناو دەم و ددان روودەدەن و پێویستییان بە چارەسەری خێرا و بەپەلە هەیە، بۆ نموونە خوێنبەربوون یان شکانی یەکێک لە ئێسکەکانی ناو دەم.

چی بکرێت لە کاتی روودانی حاڵەتی لەناکاوی ددان؟

یەکەم کار کە پێویستە بکرێت پەیوەندیکردنە بە پزیشکی ددانەوە بۆ پێدانی زانیاری و وەرگرتنی رێنمایی. ئەگەر هاتوو نەتوانرا پەیوەندیبکرێت بە پزیشکی ددانەوە، پێویستە بە زووترین کات چارەخوازەکە بگەیەندرێتە نزیکترین نەخۆشخانەی فریاکەوتن.

باشترین شوێن کوێیە بۆ سەردانیکردن لە کاتی بوونی حاڵتێکی فریاگوزاریی ددان؟

لە بارەکانی شکان یان دەرهاتنی ددانێک، پزیشکیی ددان لە کلینیک یان نەخۆشخانە دەتوانێت چارەسەری چارەخواز بکات، لە باری توندتریشدا، بۆنموونە لە کاتی شکانی یەکێک لە ئێسکەکانی رووخسار، دەبێت راستەوخۆ چارەخواز بگەیەنرێتە نەخۆشخانەی فریاکەوتن

          فریاگوزاریی ددان چی دەگرێتەوە؟

  1. ئازاری توندی ددان

سەرەتا وا پێویستدەکات ئاوی شلەتێن لە دەم وەربدرێت و دواتر لە رێگەی پەتی ددانەوە نێوان ددانەکان پاکبکرێتەوە لە پاشماوەی خۆراکی بەجێماو. ئەگەر دەم ئاوسابوو، بە شتێکی سارد پەستان بخرێتەسەر رووی دەرەوەی لێو یان روومەت. دواتریش دەتوانرێت دەرمانێکی ئازار بخورێت.  

  • شکانی ددان

پارچە شکاوەکانی دەم هەڵبگرەوە و بیشۆرەوە، دواتر ئاوی شلەتێن لە دەم وەربکە. ئەگەر خوێنبەربوون هەبوو، بۆ ماوەی10  خولەک برینپێچێک لە ناوچەی خوێنبەربوونەکە دابنێ، یان تا ئەو کاتەی خوێنبەربوونەکە دەوەستێت، بۆ کەمکردنەوەوی ئازار، بە شتێکی سارد پەستان بخەرەسەر دەرەوەی لێو و روومەت، دوای ئەمانە پێویستە بە زووترین کات سەردانی پزیشکی ددان بکرێت

  • دەرهاتنی ددان

ددانەکە هەڵبگرەرەوە، بەبێ ئەوەی دەست لە ڕەگی ددانەکە بدەیت، پێویستە دواتر رەگی ددانەکە بشۆرێتەوە، بەبێ ئەوەی بروشێنرێت یان هیچ پارچە شانەیەکی لێبکریتەوە. ئەگەر کرا، هەوڵبدرێت ددانەکە بخرێتەوە شوێنی خۆی، بە هەمان ئاڕاستەی پێشووی، بەبێ ئەوەی پەستان بخرێتە سەری. ئەگەر نەتوانرا بخرێتەوە شوێنەکەی خۆی، پێویستە بخریتە ناو کوپێک شیر یان ئاو کە کەمێک خوێی تێدابێت. دواتر بەخێراترین شێوە پێویستە خۆت بگەیەنیتە لای پزیشکی ددان. 

  • دروستبوونی کێم

دروستبوونی کێم دەکرێت مەترسیداربێت و زیان بە شانەکانی دەوری ددان بگەیەنێت، رەنگە ببێتە هۆی هەڵاوسان لە رووخسار. لەو بارەدا پێویستدەکات بەزووترین کات سەردانی پزیشکی ددان بکرێت، لە هەمانکاتدا وا باشە خوێواوک لە دەم وەربدرێت.

  • برینداربوونی نەرمەشانەکانی دەم

نەرمەشانەکان دەم، پووک، زمان، لێو و روومەت دەگرێتەوە،  بۆ رێگریکردن لە خوێنبەربوون، لە کاتی برینداربوونی یەکێک لەم نەرمەشانانە پێویستە ئەم کارانە بکرێت

  • بەکارهێنانی خوێواک و لەدەموەردانی
  • دانانی برینپێچ لە ناوچەی خوێن بەربوونەکە و پەستان خستنەسەر برینەکە بۆ ماوەی 15  بۆ 20 خولەک
  • بۆ راگرتنی خوێنبەربوونەکە و کەمکردنەوەی ئازار، وا باشە شتێکی سارد بخرێتە سەر دەم یان روومەت
  • ئەگەر خوێنبەربوونەکە نەوەستا، پێویستە سەردانی پزیشکی ددان بکرێت