چەند هەڵەتێگەیشتنێک لەسەر بەکارهێنانی پەمپ بۆ نەخۆشیی رەبۆ

رەبۆ نەخۆشییەکی درێژخایەنە، بەڵام چارەسەرەکانی کاریگەرن ئەگەر کەسێک بە دروستی بەکاریانبهێنێت

د. زانا دزەیی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو (پسپۆڕی تایبەتمەندی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە و سییەکان)

یەکەم: ئایا بەکارهێنانی پەمپەکانی رەبۆ تووشی ئالوودەبوونم دەکات؟

وەڵام: نەخێر! هیچ بنەمایەکی زانستی نییە و تێگەیشتنێکی زۆر هەڵەیە، بە پێچەوانەوە چارەسەری سەرەکیی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی سییەکان وەکو رەبۆ، بریتییە لە بەکارهێنانی پەمپ (بەخاخ) بە شێوەیەکی رێک و لەژێر چاودێری پزیشک. چاکترین و زانستیترین رێگە بریتییە لە بەکارھێنانی پەمپەکان.

دووەم: من ئێستا رەبۆکەم کۆنترۆڵبووە و هیچ نیشانەیەكی نەخۆشییەکم نەماوە، چیتر پێویست ناکات پەمپ بەکاربهێنم، راستە؟

وەڵام: نەخێر، هەڵەیە .پەمپی رەبۆ دەرمانێکی درێژخایەنە وەک ئەو دەرمانەی بۆ بەرزەفشاری خوێن و شەکرە و نەخۆشیی دڵ بەکاردێت، دەبێت بە درێژایی تەمەن وەربگیرێت.

پەمپی رەبۆ کاریگەرییە ئەرێنیەکەی ئەوکاتە زیاترە کە کەسی تووشبوو لەکاتی کۆنتڕۆڵ بوونی نەخۆشییەکەی بە شێوەیەکی رێک بەکاریدەهێنێت، واتە کاتێک کە هیچ نیشانەیەكی ئەوتۆی نییە، بەڵام چەندێتیی و چۆنێتییەکەی بەگوێرەی قۆناغی نەخۆشییەکە دەگۆڕێت و پزیشک بۆت دیاریدەکات.

سێیەم: حەب و دەرمانی سیڕەپ (شروب) لە پەمپ باشترە بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی نیشانەکان و نەخۆشییەکە، گوایە پەمپ رێژەیەکی زۆر ماددەی ستیرۆید (کۆرتیزۆن)ی تێدایە؟

وەڵام: نەخێر، هەڵەیە. باشتریین و گونجاوتریین و باوەڕپێکراوتریین دەرمان بۆ تووشبووانی رەبۆ بریتییە لە بەکارهێنانی پەمپ.

بە پێچەوانەوە پێکهاتەی ماددەی ستیڕۆید (کۆرتیزۆن) لە ناو پەمپ زۆر زۆر کەمترە لەوەی لە حەبێکی ستیرۆید هەیە. کەواتە هیچ کاتێک حەب و شروب و دەرزی، لە پەمپ باشتر نین، لە کاتە توندەکان نەبێت ئەگینا پەمپ باشترین چارەسەرە.

پێنجەم: من لە ماڵەوە ئامێری بەهەڵمکردنی دەرمان (تەبخیر)م هەیە و پەمپ بەکارناهێنم، ئەمە دروستە؟

وەڵام: نەخێر، هەموو کات بەکارهێنانی پەمپ رێگە دروست و راست و زانستییەکەیە، بەڵام لە هەندێک حاڵەتی زۆر توند بە تایبەت لە نەخۆشخانەکان، یان بە دەگمەن لە کەسانێک بەتایبەت منداڵی بچووک و بەساڵاچووان نەبێت، کە کێشەیان هەیە لە چۆنێتیی بەکارهێنانی پەمپ، لەو حاڵەتانە بە ناچاریی ئامێری بەهەڵمکردن بەکاردێت.

چوارەم: من منداڵەکەم تووشبووی رەبۆیە، نامەوێت پەمپ بەکاربێنیت چونکە ماددەی ستیرۆید (کۆرتیزۆن) کاریگەریی دەکاتە سەر گەشە و باڵای منداڵەکەم

وەڵام: تێگەیشتنێکی زۆر هەڵەیە، چونکە ئەو جۆرە ستیرۆیدەی لە پەمپدا هەیە رێژەکەی زۆر کەمە و بەشێکی زۆر کەمی دەچێتە دەرەوەی سییەکان و جۆری ستیرۆیدەکەش جیاوازە لەو ستیرۆیدەی کە گەشە دوادەخات.

بە پێچەوانەوە لێکۆڵینەوە پزیشکییەکان ئەوەیان سەلماندووە کە منداڵی تووشبووی رەبۆ ئەگەر رەبۆکەی کۆنترۆڵنەبێت، ئەوا مەترسیی دواکەوتنی گەشەی زیاترە، واتا پەمپ دەرمانێکی سەلامەتە بۆ منداڵەکەت و کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر گەشەی منداڵ نییە.