پسپۆڕێکی کورد هەڵەتێگەیشتنێک سەبارەت بە نەخۆشیی رەبۆ راستدەکاتەوە

د. زانا دزەیی - پسپۆڕی وردیی نەخۆشییەکانی هەناسە و سییەکان

د. زانا دزەیی، پزیشکی پسپۆڕی هەناو و خاوەنی پسپۆڕیی ورد لە نەخۆشییەکانی هەناسە و سییەکان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کەناڵ8 باسی لە نەخۆشیی رەبۆ کرد

نەخۆشیی رەبۆ چییە؟


"رەبۆ، بڵاوترین نەخۆشیی نادرمییە لە سەرانسەری جیهاندا. تووشبووانی ئەم نەخۆشییە تووشی هەوکردنی درێژخایەنی بۆرییەکانی هەوا دەبن و زۆرجاریش هەستەوەرییان هەیە"

پزیشکە کوردەکە گووتی "زۆرجار نەخۆشییە هەستەوەرییەکان پەیوەستن بەیەکەوە، بۆیە بەشێک لەوانەی رەبۆیان هەیە، دەکرێت نەخۆشیی دیکەی هەستەوەرییان هەبێت"

هەرچەندە رەبۆ نەخۆشییەکی زۆر باوە، بەڵام بەگووتەی د. زانا، تاوەکو ئێستا لە کوردستان هیچ ئامارێکی وردمان لەسەر رێژەی تووشبووانی نەخۆشییەکە نییە؛ ئەمە وایکردووە نەتوانین قورسایی نەخۆشییەکە لەسەر خەڵک و حکومەت بزانین.

نیشانەکانی نەخۆشیی رەبۆ چین؟

کاتێک تووشبوویەکی رەبۆ بەرکەوتنی دەبێت لەگەڵ شتێک کە هەستەوەری پێی هەیە، تووشی تەسکبوونەوەیەکی لەناکاو و کاتیی بۆرییەکانی هەوا دەبێت؛ ئەمە وادەکات چەند نیشانەیەکی لێدەربکەوێت "دەنگ لە سنگی پەیدادەبێت، کە لەناو خەڵکدا ئەو دەنگە بە خیزەخیز ناسراوە، هەناسەی تونددەبێت و کۆکەی درێژخایەنیشی دەبێت.

جگەلەمانە، دەکرێت تووشبووی رەبۆ لە کاتی پاڵکەوتن و خەوتندا گرفتی هەناسەتوندی بۆ دروستببێت و نەتوانێت بەباشی بخەوێت؛ ئەمەش وادەکات لە ماوەی رۆژدا ماندوو و شەکەت دەربکەوێت.

ئایا دەرمانەکانی رەبۆ دەبنەهۆی ئالوودەبوون؟

بەشێک لە هاونیشتمانییان لە کاتی وەرگرتنی دەرمانەکانی رەبۆدا، بەتایبەت ئەو دەرمانانەی لە شێوەی پەمپن، ترسیان لە ئالوودەبوون بە دەرمانەکانەوە هەیە. د. زانا دزەیی، دڵنیاییدەداتە هاونیشتمانییان کە "بە هیچ جۆرێک دەرمانەکانی رەبۆ نابنەهۆی ئالوودەبوون، بگرە دەرمانی زۆر سەلامەتن. بە پێچەوانەوە، ئەگەر چارەخواز دەرمانەکانی بەباشی بەکاربهێنیت، دەکرێت دوای ماوەیەک گرفتەکانی چارەسەر ببن و تەنیا لە کاتی پێویستدا دەرمانەکانی بەکاربهێنێت