لە موسڵ حاڵەتێکی مردن بە تای خوێنبەربوون تۆمارکرا

زۆرینەی حاڵەتەکانی گواستنەوەی تای خوێنبەربوون لە ئاژەڵ بۆ مرۆڤە

کەناڵ8- سلێمانی

فەرمانگەی تەندروستیی نەینەوا مردنی هاووڵاتییەک بە تای خوێنبەربوون رادەگەیەنێت و دەڵێت پێنج رۆژ پاش نەخۆشکەوتنی چووەتە نەخۆشخانە.

بەپێی راگەیەنراوێکی فەرمانگەکە "نەخۆشەکە تەمەنی 50 ساڵ بووە و ئێوارەی هەینی 3ی ئایار گەیەنراوەتە بەشی فریاکەوتنی هەناوی، لەوکاتەدا تایەکی زۆر و خوێنبەربوونی بەرفراوانی هەبووە لە ژێر پێست و لێوەکانی و باری هۆشداریی تەواو نەبووە".

وەکو فەرمانگەکە روونیکردووەتەوە ئەو کەسە پێنج رۆژ بووە نەخۆش بووە و بۆ چارەسەر سەردانی ئەو شوێنانەی کردووە کە گیادەرمانی دەدەنە چارەخوازان و بەوەش درەنگ گەیشتووەتە نەخۆشخانە و باری تەندروستیی تەواو تێکچووە و سەرەنجام ئێوارەی شەممە گیانیلەدەستداوە.

تەندروستیی موسڵ دەڵێت پاش مردنی کەسەکە "تەرمەکەی بە ماددەی کلۆر شۆرراوە و لە کیسی تایبەتدا هەڵگیراوە و رێنمایی کەسوکاری کراوە کیسەکە نەکەنەوە تاوەکو لە مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکە دوور بن".

تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی گوازراوەی ڤایرۆسییە و رێژەی مردن لەناو تووشبوون زیاتر لە 10٪ دەبێت، لە کۆتایی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوو بۆ یەکەمجار لە عێراق تۆمارکراوە و لەوکاتەوە ناو بە ناو سەرهەڵدەداتەوە.