24ی ئادار رۆژی جیھانی نەخۆشیی (سیل)ە

نەخۆشیی سیل بەهۆی بەکتریاکەوە بۆ مرۆڤ دەگوێزرێتەوە

لەهەمان رۆژ و 142 ساڵ بەر لە ئەمڕۆ، ساڵی 1882 پزیشک و بەکتریاناسی ئەڵمانیی (رۆبەرت کۆخ) میکرۆبی سیلی دۆزییەوە و بووە سەرەتای شۆڕشێکی زانستی بۆ دەستپێکی چارەسەری ئەو نەخۆشییە کوشندەیە، پێش ئەم دۆزینەوەیە ساڵانە سێیەکی مردن لە ئەوروپا بەهۆی سیلەوە بوو.

تا ئێستاش ساڵانە لانیکەم ملیۆنێک کەس بە سیل گیانلەدەستدەدەن. تەنیا لە ساڵی 2021، نزیکەی 1.6 ملیۆن کەس بە سیل مردوون.

هۆکاری سەرەکیی مردن بە هۆی نەخۆشییە درمییەکان و میکرۆبییەکان نەخۆشیی سیلە، تەنیا ساڵی 2020 و 2021، نەخۆشیی کۆڤید19 پێشی سیل کەوتەوە لە رێژەی مردن.

نەخۆشیی سیل دەتوانرێت رێگریلێبکرێت و بەئاسانی چارەسەربکرێت ئەگەر زوو دەستنیشانبکرێت و چارەسەری گونجاو وەربگیرێت.

لە نیشانە هەرە باوەکان: کۆکە، کە زۆرینەی جار بەڵغەمی لەگەڵە و هەندێجار خوێنی لەگەڵە، لەهەمان کاتدا بوونی تا و بێهێزی، دابەزینی کێشی لەش و کەمبوونەوەی حەزی خواردن و ئارەقکردنەوەی زۆری شەوانە. ئەو نیشانانە دەشێت لە هەندێک حاڵەتی دیکە هەبن جگە لە سیل، بۆیە زۆر گرنگە بۆ دڵنیابوونەوە راوێژ بە پزیشکەکەت بکەیت.

سەرەکیترین خۆپارێزی: پێکوتەی دژە سیل یان BCG کە هەموو تازەلەدایکبووێک لە هەفتەی یەکەمی هاتنەژیان وەریدگرێت.

خۆشبەختانە زۆرینەی تووشبووانی سیل لە وڵاتی ئێمەدا، ئەگەر بە شێوەیەکی رێک و لە ژێر چاودێریی پزیشک چارەسەر وەربگرن، بەتەواوی لە نەخۆشییەکە چاکدەبنەوە.

د.زانا دزەیی

پسپۆڕی هەناو

پسپۆڕی وردی کۆئەندامی هەناسە و سییەکان