پسپۆڕێک: تاوەکو تەندروستیی ئاژەڵ پارێزراو نەبێت، تەندروستیی مرۆڤیش پارێزراو نابێت!

د. فەرەیدوون عەبدولستار، پرۆفیسۆر و پزیشکی ڤێتێرنەری

پسپۆڕێکی ڤێتێرنەری دەڵێت، نەخۆشییە مرۆژەڵییەکان لە هەرێمی کوردستان و جیهان زیادیانکردووە، بەڵام بە چەند رێگەیەک رێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان دەکرێت.

پرۆفیسۆر د. فەرەیدوون عەبدولستار، پزیشکی ڤێتەرنەری و مامۆستا لە کۆلێجی پزیشکیی ڤێتەرنەری لە زانکۆی سلێمانی، باس لە نەخۆشییە مرۆژەڵییەکان دەکات و دەڵێت، نەخۆشییە مرۆژەڵییەکان ئەو نەخۆشییانەن کە هاوبەشن لەنێوان مرۆڤ و ئاژەڵە بڕبڕەدارەکاندا؛ "ئەو نەخۆشییانە دەگرێتەوە کە بەشێوەیەکی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ لە ئاژەڵ و باڵندەکانەوە دەگوازرێنەوە بۆ مرۆڤ، لە هەمانکاتدا ئەو نەخۆشییانەش دەگرێتەوە کە لە مرۆڤی نەخۆشەوە دەگوازرێنەوە بۆ ئاژەڵ".

د. فەرەیدوون دەڵێت ئەم جۆرە نەخۆشییانە ساڵ بە ساڵ لە جیهاندا زیاددەکەن و بەگوێرەی ئامارە جیهانییەکان، لە سەرەتای سەدەی 21ـەوە  75%ـی ئەو نەخۆشییانەی تووشی مرۆڤ دەبن سەرچاوەکەیان ئاژەڵ و باڵندەی نەخۆشە.

پسپۆڕەکە دەڵێت چەند نەخۆشییەکی مرۆژەڵی لە هەرێمی کوردستان هەن و ساڵانە بڵاودەبنەوە؛ "نەخۆشیی تای خوێنبەربوون یەکێکە لەو نەخۆشییانە، هەروەها نەخۆشیی تای ماڵتا و دەردەپشیلە و چەند نەخۆشییەکی دیکە هەن".

وەکو د. فەرەیدوون دەڵێت، ئەم نەخۆشییانە لە هەرێمی کوردستان کۆنترۆڵکراون و زۆرینەیان چارەسەردەکرێن، بەڵام "تاوەکو ئێستا ریشەکێش نەکراون". د. فەرەیدوون دەڵێت ئەم نەخۆشییانە ترسیان ناوێت، چونکە زانست توانیویەتی کۆنترۆڵی نەخۆشییەکان بکات؛ "بەڵام دەبێت دەزگا تەندروستی و ڤێتەرنەرییەکان بەیەکەوە کاربکەن بۆ ئەوەی نەخۆشییەکان ریشەکێشبکرێن".

لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە ریشەکێشکردنی نەخۆشییە مرۆژەڵییەکان، پسپۆڕەکە دەڵێت، دەبێت گرنگییەکی زۆر بە تەندروستیی ئاژەڵ بدرێت؛ "دەتوانین بڵێین تاوەکو تەندروستیی ئاژەڵ پارێزراو نەبێت، تەندروستیی مرۆڤیش پارێزراو نابێت".

پسپۆڕەکە باسی لە بەخێوکردنی ئاژەڵە ماڵییەکان کرد و گوتی ئێستا خەڵکێکی زۆر سەگ، پشیلە و باڵندە بەخێودەکەن؛ "پێویستە خاوەنماڵ وەکو ئەندامێکی خێزانەکە سەیری ئەو ئاژەڵانە بکات و بە بەردەوامی ئاژەڵەکەی لەلایەن پزیشکی ڤێتەرنەرییەوە ببینرێت"، ئەمەش بۆ ئەوەی خاوەنئاژەڵەکان رێنمایی پێویست سەبارەت بە تەندروستیی ئاژەڵەکانیان وەربگرن.

هەر سەبارەت بە بەخێوکردنی ئاژەڵە ماڵییەکان د. فەرەیدوون دەڵێت: "راستە ئاژەڵ هاوڕێیەکی نزیک و بەوەفای مرۆڤە، بەڵام پێویست ناکات سەگ و پشیلە بچنە چێشتخانەی ماڵ و خواردنەکان بلێسنەوە"، گوتیشی دەبێت شوێنی تایبەتییان هەبێت و کوتانی پێویستیان بۆ بکرێت.