ژینگەی عێراق: مامەڵەمان لەگەڵ پاشماوە پزیشکییەکان جیاوازە لەچاو پاشەڕۆ ئاساییەکان

هەڵگرتنی پاشەڕۆی پزیشکی لە نایلۆنی زەرددا ستانداردێکی جیهانییە. فۆتۆ: AP

کەناڵ8- سلێمانی

بەرپرسێکی ژینگەی عێراق دەڵێت کۆکردنەوە و دابڕکردنی پاشماوە پزیشکییەکان و ئامێرەکانی لەناوبردنیان پرۆسەیەکی جیاوازە و تەنیا وەکوو پاشەڕۆی ئاسایی مامەڵەیان لەگەڵ ناکرێت.

سادق حاتەم عەبود، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی بەغدا، لە لێدوانێکیدا بە ئاژانسی دەنگوباسی عێراقی گوتووە "پاشماوە پزیشکییەکان دەبێت لە نایلۆنی زەرددا هەڵبگیرێن بۆ ناسینەوەیان لەناو پاشەڕۆکانی دیکە و پاشان لە کۆنتێنەری تایبەتدا کۆبکرێنەوە و لە فڕنی تایبەتدا بسووتێنرێن".

عەبود گوتووشیەتی "فڕنەکان هەر لەناو نەخۆشخانەکاندا هەن، هەر نەخۆشخانەیەکیش فڕنی تایبەتی نەبێت، ئەوە پاشەڕۆکانیان دەنێردرێن بۆ جێگەی ئەوتۆ کە ئەو فڕنانەیان هەیە و وەزارەتی تەندروستی گرێبەستی لەگەڵیان هەیە".

وەکو بەڕێوەبەری ژینگەی بەغدا دەڵێت گەرمیی ناو فڕنەکان بەجۆرێکە کە وردە زیندەوەرەکان (بەکتریا، ڤایرۆس و کەڕووەکان) لەناودەبات و بە بەکارهێنانی پلەی گەرمیی بەرز و فشار و هەڵم مەترسیی گواستنەوەی نەخۆشی لە پاشماوە پزیشکییەکانەوە ناهێڵێت.