پسپۆڕێکی تەندروستیی کۆمەڵ: بۆ بەرەنگاربوونەوەی سیل لە کوردستان کارنامەیەکی نیشتمانیمان پێویستە

د. عەبدولفەتاح هەورامی، پسپۆڕی تەندروستیی کۆمەڵ..فۆتۆ: دانا عەبدولکەریم

کەناڵ8- سلێمانی

پسپۆڕێکی تەندروستیی کۆمەڵ دەڵێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی سیل لە کوردستان پێویستمان بە کارنامەیەکی نیشتمانی و هاوئاهەنگیی نێوان کەرتە جیاجیاکانە لەگەڵ کەرتی تەندروستی.

د. عەبدولفەتاح هەورامی، مامۆستای زانکۆ و هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا لە تەندروستیی کۆمەڵ، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵ8 دەڵێت "بۆ ئەوەی سیل کۆنترۆڵ بکەین، سەرەتا دەبێت کارنامە و رێکارێکی روونی نیشتمانی دیاریبکەین لەسەر بنەمایەکی زانستی، پاشان دەبێت هەموو کەرتەکان رۆڵی خۆیان بزانن لەم کارنامەیەدا و رۆڵی رێبەری بدرێت بە کەرتی تەندروستی لەناویاندا".

لەبارەی ئەوەی بۆچی تاوەکو ئێستاش کوردستان یەکێکە لەو ناوچانەی جیهان کە هێشتا سیل تێیاندا بڵاوە، پسپۆڕەکەی تەندروستیی کۆمەڵ دەڵێت "هۆکاری یەکەم نەبوونی داتای ورد و دروستە، دەبێت بە داتا بزانین چەند حاڵەتمان هەیە، لە کوێوە تووشدەبن، هۆکاری رێگانەگرتن لە بڵاوبوونەوەی بەکتریاکە لە کۆمەڵگەی خۆمان چییە ".

 د. عەبدولفەتاح لە درێژەی لێدوانەکەیدا بۆ کەناڵ8 دەڵێت "دەبێت پسپۆڕی پەتازانی بە رێژەیەکی زیاتر بەرهەم بهێنین، کەرەستە و تەکنۆلۆجیای دەستنیشانی نەخۆشییە گوازراوەکان پەرەپێبدەین، سیستمی چارەسەری مۆدێرن وەکو خۆی پیادەبکەین بە تایبەت لە سیل کە سیستمی 'دۆت'ی بۆ دیاریکراوە".

وەکو ئەو پزیشکە پسپۆڕە دەڵێت "زۆربەیکات کە ناتوانرێت گرفتێکی تەندروستی کۆنترۆڵبکرێت، واتای ئەوەیە گرفتێک هەیە لە ئیدارەدانی چارەسەرەکە، واتە چارەسەریش بەردەست بێت، کە باش ئیدارە نەدرا لەلایەن سیستمەوە، ناتوانرێت وەکو پێویست گرفتەکە بنەبڕبکرێت".