باوترین ئەو خووانەی منداڵان چین کە زیان بە ددانەکانیان دەگەیەنن؟

بەشێک لە منداڵان لە منداڵییەوە چەند خوویەک پەرەپێدەدەن و بەکاریاندەهێنن بۆ ئاسوودەبوونیان، بەردەوامبوون لەم خووانە زۆرجار زیان بە تەندروستیی منداڵەکە دەگەیەنێت، بەتایبەتی تەندروستیی ددانەکان.

لەم بابەتەدا باس لە چەند خوویەکی منداڵان کراوە کە دەکرێت زیان بە ددانەکانیان بگەیەنن

کلۆریی بوتڵی شیر:

ئەم جۆرەی کلۆری لەو منداڵانەدا دەردەکەوێت کە ددانەکانیان بەبەردەوامی لە بەرکەوتندان لەگەڵ شەکر، واتا ئەو منداڵانەی بەبەردەوامی خواردنەوەی دەوڵەمەند بە شەکر دەخۆن وەکو شیر، شەربەت، شەکراو و بەگشتی هەر خواردنەوەیەک کە شەکری تێدابێت. تەنانەت ئەگەر منداڵانی ساواش لە کاتی مژینی مەمکی دایکیاندا خەویانلێبکەوێت و شیر لە دەمیاندا بمێنێتەوە، مەترسیی تووشبوونیان بە کلۆریی ددان زیاتردەبێت.

ئەگەر ئەم حاڵەتە چارەسەر نەکرێت، ئەوا ددانە کلۆرەکان ئازار بۆ منداڵەکە دروستدەکەن و وردەوردە لەوانەیە ددانە شیرییەکانی لەدەستبدات.

رێگاکانی رێگریکردن لەم حاڵەتە:

  • لە رۆژدا نابێت دایکوباوکەکە بۆ ژیرکردنەوەی منداڵەکە خواردنەوەی شیرینی پێبدەن
  • نابێت مەمەی منداڵەکە هەرگیز بخرێتە ناو شەکر، هەنگوین یان هەر خواردنەوەیەکی شیرین
  • نابێت لەکاتی خەوتندا منداڵەکە شیر یان خواردنەوەی شیرینی پێبدرێت، لەجێگەی ئەوە دەکرێت دایکەکە تەنیا بڕێکی کەم لە ئاوی پێبدات یان مەمکەمژەیەکی پێبدات
  • نابێت شەکر بخرێتە ناو خۆراکی منداڵەوە
  • پاش پێدانی شیر بە منداڵەکە، گرنگە ددانەکانی بە گۆزێکی تەڕ بسڕرێن بۆ لابردنی پاشماوەی شیرەکە یان خواردنەوە شیرینەکە
  • پێویستە پزیشکی ددانی منداڵان ددانەکانی منداڵەکە ببینێت و بڕیاربدات کە ئایا پێویستدەکات چارەسەری فلۆراید وەربگرێت بۆ رێگریکردن لە کلۆربوون یان نا
  • لە یەکەم ساڵیادی لەدایکبوونی منداڵەکەدا گرنگە فێربکرێت بە کوپ شیر بخواتەوە

مژینی پەنجە:

ئاسایی و تەندروستە ئەگەر منداڵێکی ساوا پەنجەی، یارییەکانی یان هەر شتێک بمژێت، چونکە هەستی ئاسوودەیی دەداتێ، بەڵام ئەگەر ئەم پەنجە مژینە تاوەکو تەمەنی پێنج ساڵ و سەرووتر بەردەوامبێت، لە کاتی هاتنی ددانە هەمیشەییەکاندا گرفتی ددان بۆ منداڵەکە دروستدەبێت.

بە گوێرەی ئەو ماوەیەی پەنجەمژینەکە دەیخایەنێت، لەگەڵ ئەوەشدا توندی مژینەکە و دووبارەبوونەوەکەی، ددانەکان دەچنە پێشەوە و ناڕێکدەبن. ئەمەش لەوانەیە وابکات منداڵەکە گرفتی دانپێدانانی وشەکانی بۆ دروستببێت و شێوازی قسەکردنی گرفتی بۆ دروستبێت.

رێگاکانی رێگریکردن لەم حاڵەتە:

بەگشتی نابێت بیرمانبچێت کە پەنجەمژین لە منداڵانی ساوادا خوویەکی ئاساییە و کێشەی نییە، تەنیا لە کاتێکدا گرفت دروستدەکات کە منداڵەکە بۆ زیاتر لە تەمەنی پێنج ساڵی بەردەوامبێت لەسەری.
بۆ ئەوەی منداڵەکە واز لەم خووە بهێنێت کە گەورتربوو، پێویستە بە شێوازێکی ئەرێنی پاڵپشتیبکرێت. پێویستە دایکوباوکەکە بە هیچ شێوازێک زەبر و توڕەبوون بەکارنەهێنن چونکە وادەکات منداڵەکە زیاتر بەردەوامبێت لەسەر خووەکەی.
پێویستە منداڵەکە ستایشبکرێت و پلاستەرێک لە پەنجەی بدرێت بۆئەوەی بەبیریبێتەوە کە نابێت چیدی پەنجەی بمژێت، لە کاتی خەولێکەوتنیشدا پێویستە دایکوباوکەکە پەنجەی منداڵەکە لە دەمیدا دەربهێنن.
لە ئەگەری چارەسەرنەبوونی گرفتەکەدا پێویستە منداڵەکە ببرێت بۆلای پزیشکی ددان بۆئەوەی ئامێرێکی بچوک بۆ ددانەکانی دروستبکەن کە رێگریبکات لە بەردەوامبوونی منداڵەکە لەسەر ئەو خووە.

پاڵنانی ددانەکانی پێشەوە بە زمان:

پاڵنانی ددانەکانی پێشەوە بە زمان خوویەکی دیکەی باوە لە نێو منداڵاندا و لەکاتی قوتدانی خواردندا منداڵەکە دەمی دادەخات، بە سەری زمانی پاڵ بە ددانەکانی پێشەوەی دەنێت.
هەروەکو پەنجەمژین، ئەم خووەش دەبێتەهۆی دروستبوونی پەستانێکی زۆر لەسەر ددانەکانی پێشەوە و ئەمەش وادەکات ددانەکان ناڕێک ببن و گرفتی قسەکردنی بۆ دروستدەکات.

لێومژین:

بەشێک لە منداڵان لێوی خوارەوەیان دەخەنە بەر ددانەکانی پێشەوەی سەرەوەیان و گازیلێدەگرن. ئەم خووەش وەکو پەنجەمژین و پاڵنانی ددانەکان بە زمان گرفت بۆ ددانەکان دروستدەکات و پاڵ بە ددانەکانی پێشەوە دەنێت بۆ پێشەوە.
رێگاکانی تەرککردنی ئەم خووەش هاوشێوەی رێگاکانی تەرککردنی پەنجەمژینن.

لەدەستدانی پێشوەختەی ددانەکان:

لەدەستدانی پێشوەختەی ددانەکان لە منداڵاندا بەهۆی کلۆری، بەرکەوتنی زەبر و بچوکیی شەویلگەکانی منداڵەکەوە دەکرێت رووبدات.
کاتێک ئەم ددانە شیرییانە پێش وادەی خۆیان دەکەون، ددانەکانی دەوروبەر بەرەو بۆشاییەکە دەجوڵێن، ئەمەش وادەکات بۆشایی پێویست بۆ ددانە هەمیشەییەکان نەمێنێتەوە و ددانە هەمیشەییەکان بە ناڕێکی دەربچن یان گیربخۆن. ناڕێکبوونی ددانیش گرفتی زیاتر بەدوای خۆیدا دێنێت وەکو گرفتەکانی جومگەی شەویلگە کە وادەکەن جومگەکە ئازاری بۆ دروستبێت، لە شوێنی خۆی دەربچێت و تەقەتەق دروستبکات یان تەنانەت وای لێبکات دەمی بۆ نەکرێتەوە.

بۆ رێگریکردن لەم حاڵەتە گرنگە پاش لەدەستدانی ددانی منداڵەکە پێش وادەی خۆی، دایکوباوکەکە بیبەن بۆ پزیشکی ددان بۆ ئەوەی پارێزەری بۆشایی بۆ منداڵەکە دروستبکەن و لە رێگەی ئەم پارێزەری بۆشاییەوە رێگریبکرێت لە جوڵانی ددانەکانی دیکە بەرەو بۆشایی ددانە کەوتووەکە.