پزیشکێکی پسپۆڕ بە وردی باس لە گرفتەکانی سووڕی مانگانە دەکات

دکتۆر جوانیتا سەڵاح ئەحمەد پسپۆڕی ژنان, منداڵبوون و نەزۆکی

دکتۆر جوانیتا سەڵاح ئەحمەد، پسپۆڕێکی ژنان، منداڵبوون و نەزۆکییە و لە میانی چاوپێکەوتنێکیدا لە بوڵتنی تەندروستیی کەناڵ8ـدا بە وردی باسی لەو گیروگرفتانە کرد کە خانمان لە ماوەی سووڕی مانگانەدا تووشیان دەبن.

دکتۆر جوانیتا سەرەتا بە گشتی باسی لە گرفتەکان کرد و گوتی "هەریەکە لە نەکەوتنە سوڕ، کەوتنە سووڕی مانگانەی زیاتر لە جارێک، درێژی ماوەی خوێندانان، کەوتنە سووڕ لە ناوەڕاستی مانگدا و هەبوونی ئازارێکی لە رادەبەدەر لەو ماوەیەدا، گرفتن و هەریەکەیان هۆکارێکی جیاوازیان هەیە"

پسپۆڕەکە سەرەتا باسی لە ماوە و شێوازی ئاسایی سووڕەکە کرد و گوتی سوڕێکی ئاسایی لە تەمەنی 10-14 ساڵییەوە دەستپێدەکات و مانگانە بەردەوام دەبێت تاوەکو تەمەنی 50-51 ساڵی، هەر سووڕێکیش نزیکەی 28 رۆژ دەخایەنێت و لەو ماوەیەشدا 3-8 رۆژ خانمەکە خوێندادەنێت.

کۆنیشانەی پێش سووڕی مانگانە چییە؟

پێش کەوتنە سووڕی مانگانەوە، ئاساییە ئەگەر خانمەکە تووشی چەند نیشانەیەکی جەستەیی و دەروونی ببێت، ئەم حاڵەتە پێی دەگوترێت کۆنیشانەی پێش سووڕی مانگانە و نیشانەکانی وەکو سکئاوسان، رەقبوونی مەمک، بێهێزبوون، بێتاقەتی، هەڵچوون و چەند نیشانەیەکی دیکەش لە خانمەکەدا دەردەکەون، ئەم حاڵەتە بەتەواوی سروشتی و ئاساییە ئەگەر نەگاتە راددەیەک کە خانمەکە نەتوانێت بەرگەی بگرێت، نەتوانێت ئاگای لە منداڵەکانی بێت و پەکی بخات. بە شێوەیەکی ئاسایی دوای کەوتنە سووڕەوە خانمەکە ئەم نیشانانەی بەرەو باشتر دەچن و نایمێنێت.

کام نیشانانە لەماوەی سووڕی مانگانەدا ئاسایین؟

سەبارەت بە نیشانەکانی ماوەی خوێندانان پسپۆڕەکە گوتی " هەبوونی ئازار بە پلەیەکی کەم یان مامناوەند کە خانمەکە بتوانێت لە رێگەی ئازارشکێنێکی سادەی وەکو پاراسیتامۆڵ ئازارەکەی کەمبکاتەوە، ئەوا ئازارێکی ئاساییە. بەڵام ئەگەر توندیی ئازاری خانمەکە هێندە زۆربوو کە پەکی بخات و نەتوانێت لەو رۆژەدا بچێتەوە سەر کارەکەی، یان تووشی هەریەکە لە سکچوون، رشانەوە، لەرز، تای بەرز ببێت یان لەهۆشخۆیبچێت، ئەوا بە هیچ جۆرێک ئاسایی نیە و پێویستە بە زووترین کات سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکات".

هەروەها گوتی " گرنگە بزانرێت کە ئەگەر خانمەکە بە شێوەیەکی ئاسایی لە زۆرینەی مانگەکاندا ئازاری کەمبوو، بەڵام یەک-دوو مانگ ئازارەکەی زۆر توندبوو ئەوا هێشتا ئاساییە، بەڵام ئاسایی نییە ئەگەر هەموو مانگێک یان زۆرینەی مانگەکان تووشی ئەم ئازارە زۆر توندە ببێت"

دکتۆر جوانیتا گوتیشی بەهۆی گۆڕانی هۆرمۆنییەوە هەندێک گۆڕانکاری ئاساییە لە شێوازی سووڕەکاندا رووبدەن، بۆ نمونە ماوەی خایاندنی خوێندانان چەند رۆژێک بگۆڕرێت یان بڕی خوێنەکە کەمێک زیاد و کەم بکات، بەڵام ئاسایی نییە خانمێک لە ساڵێکدا تەنیا دوو جار خوێندابنێت یان لە مانگێکدا زیاتر لە یەکجار خوێندابنێت.

سەبارەت بە توندی ئازارەکە پسپۆڕەکە باسیشی لە گرنگی دەستنیشانکردنی هۆکاری ئازارەکە کرد و گوتی "  کۆئەندامی زاوزێی مێینە لە چەند ئەندامێکی جیاوازی وەکو ملی منداڵدان، منداڵدان، جۆگەکانی فالوب و هێلکەدانەکان پێکهاتووە و هەر گرفتێک لە هەریەکێک لەم ئەندامانەدا دەکرێت هۆکاربێت بۆ دروستبوونی ئازاری توند لە ماوەی خوێنداناندا، هەربۆیە باشترە خانمان لەجیاتی بەکارهێنانی ئازارشکێنی بەهێز بۆ مەبەستی کەمکردنەوەی ئازارەکەیان، سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەن و چارەسەری هۆکاری ئازارەکە بکەن، چونکە دەکرێت هۆکارەکە فرەکیسی هێلکەدان، تەسکبوونی جۆگەی فالوب و چەند گرفتێکی دیکەبێت و پێویستبکات بەزووترین کات چارەسەربکرێن"

سەبارەت بە ماوەی خوێندانانیش دکتۆر جوانیتا گوتی " ئاسایی نییە ماوەی خوێندانان 11 رۆژ زیاتر بخایەنێت و لەو کاتەدا پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت"

چ جۆرە ئازارشکێنێک بۆ کەمکردنەوەی ئازاری سووڕی مانگانە گونجاوە؟

پسپۆڕەکە بە وردی باسی لە جۆرەکانی ئازارشکێن کرد و گوتی پێویستە جۆری ئەو ئازارشکێنەی بەکاردێت پەیوەستبێت بە توندیی ئازاری خانمەکە لەو ماوەیەدا، بۆ نمونە هەریەکە لە ئازارشکێنەکانی وەکو پاراسیتامۆڵ، پۆنستان(مێفینامیک ئەسید) و ئایبۆپرۆفین ئازارشکێنی ساددەن و دەکرێت لەکاتی هەبوونی ئازاری پلە یەک و دوو، واتا ئازاری کەم و مامناوەنددا بەکاربهێنرێن.

هەریەکە لە ئازارشکێنەکانی وەکو ترامادۆڵ و مۆرفینیشی بە ئازارشکێنی بەهێز پێناسەکرد و گوتی " خۆشبەختانە ئەم ئازارشکێنانە ئێستا بەبێ رەچەتەی پزیشک نادرێن بە چارەخواز، بەڵام هێشتا بەکارنەهێنانیان باشترە، چونکە راستە بۆ نەهێشتنی ئازار باشن بەڵام دەکرێت لێکەوتەی خراپیان لەسەر تەندروستیی خانمەکە هەبێت. هەروەها ئەگەر خانمێک هێندە ئازارەکەی توندبێت کە پێویستی بەم ئازارشکێنە بەهێزانەبێت، ئەوا باشترە سەردانی پزیشک بکات"

ئایا جەوەنە/گەرمی بەڕاستی ئازار کەمدەکاتەوە؟

هەر سەبارەت بە ئازار دکتۆر جوانیتا باسی لە رۆڵی جەوەنە و گەرمی کرد و گوتی " لە ماوەی خوێنداناندا بۆرییەکانی خوێن تەسکدەبنەوە و خوێن بەباشی ناچێت بۆ هەندێک ناوچە و بەوهۆیەوە ئازار تیایاندا دروستدەبێت، بەڵام کاتێک جەوەنەیەکی گەرم یان هەر شتێکی گەرم دەخرێتە سەر ئەو شوێنەی کە ئازاری هەیە، بۆرییەکانی خوێنی ناوچەکە فراواندەبن، خوێنیان باشتر بۆ دەچێت و ئازاریان کەمتردەبێتەوە"

کۆنیشانەی فرەکیسیی هێلکەدان چییە؟

پسپۆڕەکە سەرنجی خستەسەر یەکێک لە گرفتە باوەکانی خانمانی ئەم سەردەمە کە ئەویش کۆنیشانەی فرەکیسی هێلکەدانە و گوتی " ئێستا رێژەی تووشبوونی خانمان بەم کۆنیشانەیە زۆر زیادی کردووە و هۆکارەکەشی دەکرێت ئەو گۆڕانکارییە گەورە و بەردەوامانە بێت کە لە ژیانماندا روویداوە وەکو وەرزشنەکردن، خواردنی خێرا، بەکارهێنانی شاشەکان بۆ ماوەیەکی درێژ بەتایبەتی لە تەمەنی هەرزەکاریدا. واتا بە گشتی شێوازی ناتەندروستی ژیان دەبێتەهۆی کۆبوونەوەی شەکر و دروستبوونی بەرگری جەستە دژی هۆرمۆنی ئنسۆلین لە ئەنجامدا خانمەکە قەڵەو دەبێت، جەستەی شەکر هەرس ناکات، گۆڕانکاری گەورە لە هۆرمۆنەکانیدا دروست دەبێت و تووشی ئەم کۆنیشانەیە دەبێت، پاشان بەهۆی کۆنیشانەکەوە، هێلکەدانەکان ناتوانن هێلکە دروستبکەن ئەمەش وادەکات خانمەکە نەکەوێتە سووڕەوە و بە ئەگەری زۆرەوە تووشی نەزۆکی بێت"

تاوەکو چەند شێوازی ژیان کاریگەری هەیە لەسەر سووڕی مانگانە؟

"شێوازی ژیان هێندە کاریگەری هەیە لەسەر شێوازی سووڕەکە کە دەکرێت هەندێک گرفتی سووڕی مانگانەی بەشێک لە خانمان بەبێ بەکارهێنانی دەرمان و تەنیا لەرێگەی رێکخستنەوەی خەوەوە یان تەنیا لە رێگەی رێکخستنەوەی سیستمی خۆراکیی خانمەکەوە، بەتەواوی چارەسەربکرێن واتا سیستمی خۆراکی خانمەکە دەوڵەمەندبکرێت بە پڕۆتین، ڤیتامین، سەوزەو میوە، لەگەڵیشیدا کاربۆهیدرات کەمبکاتەوە ".

راستە لەو کاتەدا باشە شیرینی بخورێت؟

"زانستی نییە کە دەڵێن خواردنە ترش و توونەکان لەو کاتەدا ئازار زیاددەکەن یان خواردنی شیرینی ئازار کەمدەکات"

ئایا بەکارهێنانی حەبی رێگریکردن(مەنع) زیانبەخشە؟

دکتۆر جوانیتا باسی لە بەکارهێنانی حەبی رێگریکردن (مەنع) کرد و گوتی "بەکارهێنانی ئەو حەبە بەبێ چاودێریی پزیشکی پسپۆڕ گرفت بۆ خانمەکە دروستدەکات، بەجۆرێک ئەگەر خانمەکە کەمتر لە حەوت رۆژی مابێت بۆ کەوتنە سووڕ و حەبی رێگریکردنی بەکارهێنا، لەوانەیە نەکەوێتە سووڕەوە یان لە مانگێکدا زیاتر لە جارێک بکەوێتە سووڕەوە، ئەو گرفتەشی کە دروستیدەکات لەوانەیە 3-6 مانگ بخایەنێت. بەڵام ئەگەر حەبەکە لە ژێر چاودێریی پزیشکدا بۆ مەبەستی رێککردنەوەی سووڕی مانگانەی خانمەکە بەکارهێنرا، ئەوا گرفت دروستناکات"

ئایا گرفتەکانی سووڕی مانگانە گرفتی کۆمەڵایەتی دروستدەکەن؟

لە کۆتاییشدا دکتۆر جوانیتا سەڵاح ئەحمەد، پسپۆڕی ژنان, منداڵبوون و نەزۆکی، باسی لەو گرفتە کۆمەڵایەتییانە کرد کە سەرچاوەکانیان گرفتەکانی سووڕی مانگانەی خانمانە و گوتی " لە لایەکەوە گرفتەکانی سووڕی مانگانە دەبنەهۆی دروستبوونی گرفتی دەروونی و گرفتە دەروونییەکانیش کاریگەریی نەرێنیی کۆمەڵایەتی لەسەر خانمەکە دادەنێن. لە لایەکی دیکەوە، هەندێک خانم بەهۆی ئەم گرفتانەوە ناتوانن وەچە بخەنەوە و گرفت لە ژیانی هاوسەرگیرییاندا دروستدەبێت بە جۆرێک هەندێکجار جیابوونەوەی هاوسەرەکانی لێدەکەوێتەوە. هەروەها هەندێک خانم لەوانەیە لە مانگێکدا بۆ ماوەیەکی درێژ لە سووڕدابن و ئەمەش شێوازی ژیان و سەرجێیکردنی خانمەکان تێکدەدات و دیسان گرفتی کۆمەڵایەتییان بۆ دروستدەکات"