د. سۆما تاهیر: هەندێجار رۆژوو دەبێتەهۆی تێکدانی سووڕی مانگانە

د. سۆما تاهیر، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون..فۆتۆ: دانا عەبدولکەریم

کەناڵ8- سلێمانی

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون دەڵێت هەندێجار رۆژوو دەبێتەهۆی تێکچوونی سووڕی مانگانە و هۆکارەکەی رووندەکاتەوە.

د. سۆما تاهیر، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵ8 دەڵێت"دەرنەکەوتووە رۆژوو راستەوخۆ کار لە هۆرمۆنە مێینەکان بکات، بەڵام هەندێجار بەهۆی زۆر دابەزینی کێش یان لەدەستدانی بڕی زۆری چەوریی لەش بەهۆی رۆژووەوە یاخود زۆر تێکچوونی خەو و شێوازی ناتەندروستانەی خواردن لە بەربانگ و پارشێودا، سووڕی مانگانەکەی تێکدەچێت".

لەبارەی رۆژووگرتنی خانمانی دووگیانیشەوە، پزیشکە پسپۆڕەکە دەڵێت"بە گشتی وا باشترە خانمی دووگیان بەڕۆژوو نەبێت، بە تایبەت ئەگەر رەمەزان هاوکات بوو لەگەڵ سێ مانگی یەکەم یان سێ مانگی کۆتایی دووگیانییەکەی". د. سۆما دەڵێت لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا بەهۆی کەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن و زیادبوونی ئێڵنج و رشانەوە مەترسیی بەدخۆراکی لەسەر دایک دروستدەبێت، لە سێ مانگی کۆتاییشدا بەهۆی گەورەبوونی کۆرپە و فشارکردنی منداڵدان لەسەر کۆئەندامی هەرس، خانمان پێویستیان بەوەیە ژەمی بچووک بچووک و ماوەی زوو زوو خواردن بخۆن، کە لەکاتی بەڕۆژووبووندا ئەمە ناگونجێت.

لەبارەی ئەوانەی دووگیانن و سوورن لەسەر بەڕۆژووبوون، د. سۆما دەڵێت "لە سێ مانگی ناوەڕاستی دووگیانیدا تا رادەیەک ئاساییە بەڕۆژوو بن، بەڵام بە مەرجێک ئێواران و شەوان خواردنی پڕ پرۆتین و رەگەزە خۆراکییە گرنگەکان بخۆن، ئاو زۆر بخۆنەوە و ئەو جۆرە خواردەمەنییانە بخۆن کە بە هێواشی هەرسدەبن".

لەبارەی رۆژووگرتنی خانمانی شیردەریشەوە دەڵێت "رۆژوو هەم دەبێتەهۆی وشکبوونەوەی خانمەکە، هەم بڕی شیریش کەمدەکاتەوە بۆ کۆرپەکەی، بۆیە باشترە خانمانی شیردەریش بەڕۆژوو نەبن، بە تایبەت ئەگەر کۆرپەکەیان لە شەش مانگی یەکەمی تەمەنیدابوو".