نەتەوە یەکگرتووەکان: رۆژانە 800 ژن لە کاتی منداڵبووندا دەمرن

نەتەوە یەکگرتووەکان: گرفتەکانی تەندروستیی ژنان وڵاتانی پێشکەوتووشی گرتووەتەوە

راپۆرتێکی نوێی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات کە لەسەر ئاستی جیهان جیاوازییەکانی زۆر هەیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ تەندروستیی خانمان.

راپۆرتەکە، پێداچوونەوەیەکە بۆ ئەو بەرەوپێشچوونانەی لە ماوەی چەند دەیەی رابردوودا لە بواری تەندروستیی ژناندا روویانداوە؛ سەرەڕای خستنەڕووی چەندین گۆڕانکاریی گەورەی ئەرێنی لەسەر ئاستی جیهان، بەڵام هێشتا جیاوازییەکی زۆر هەیە لەنێوان ناوچەکانی جیهان لەڕووی تەندروستیی خانمانەوە؛ هەروەها دەڵێت لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو چەقبەستن دروستبووە و پێشکەوتنی بواری تەندروستیی ژنان خاوبووەتەوە

لەیلا شەرەفی، سەرۆکی لقی رەگەز و مافەکانی مرۆڤ لە بەشی هاوکاریی دانیشتووان لە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵیت: "کۆمەڵێک ئاماری تەندروستیی گرنگمان لەبەردەستە، بۆنموونە، رێژەی مردنی ژنانی دووگیان لە ساڵی 2016ەوە هیچ کەمبوونەوەیەکی بەخۆیەوە نەبینیوە، وەستاوە و بگرە لە هەندێک شوێنیش زیاتر بووە. لە 13 وڵاتدا پاشەکشە هەبووە لە ئازادیی ژنان لە بڕیاردان لەسەر جەستەی خۆیان."

لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە لەو وڵاتانەی دووچاری گژی و قەیران بوونەتەوە، رۆژانە 500 ژن لە کاتی منداڵبووندا گیانلەدەستدەدەن؛ ژنێکی ئەفریقی، نزیکەی 130 ئەوەندە ئەگەری مردنی لە کاتی دووگیانیدا هەیە بەراورد بە ژنێکی ئەمریکی یان ئەوروپی.

بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ ئەو مەترسییانەی رووبەڕووی ژنانی دووگیان دەبنەوە لە کاتی دووگیانی، کەناڵ8 پەیوەندی کرد بە د. هاژە عەبدوڵڵا، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون لە شاری سلێمانی. د. هاژە بە کەناڵ8ی راگەیاند کە "خۆشبەختانە بەهۆی باشی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانەوە، رێژەی گیانلەدەستدان لە هەرێمی کوردستان لە کاتی منداڵبووندا زۆر نزمە، ئەگەر رووشبدات زۆرجار هۆکارەکەی ئەو نەخۆشییانەیە کە خانمەکە خۆی هەیەتی، نەوەکو گرفتەکانی کاتی دووگیانی"

بەگوێرەی راپۆرتەکەی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، جیاوازییەکی زۆر لەنێوان خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لەنێوان نەتەوە و رەگەزەکاندا هەیە، بۆنموونە لە وڵاتێکی پێشکەوتووی وەکو ئەمریکادا، ژنانی رەشپێست سێ ئەوەندەی ئەگەری مردنیان لە کاتی منداڵبوون زیاترە بەراورد بە ژنانی سپیپێست.

لەم بارەیەوە، لەیلا شەرەفی گووتی: "باری دارایی، رەچەڵەک و نەتەوە، رەگەز و نەخۆشییەکان، لەپاڵ چەندین فاکتەری دیکەدا کاردەکەنە سەر ئەوەی کەسێک تا چەند ژیانێکی تەندروست و سەلامەت دەژیت. ئەمە کێشەیەکی جیهانییە، بەڵام دەبێت حکومەتەکان لەسەر ئاستی نیشتیمانی کاری لەسەر بکەن."

لە درێژەی قسەکانیدا، د. هاژە عەبدوڵڵا باسی لەوە کرد کە دەبێت خانمان بەر لە دووگیانی، سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەن بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندنی پێویستیان بۆ بکرێت و ئەگەر گرفتێکی تەندروستییان هەبێت، بەر لە دووگیانبوون چارەسەر وەربگرن.

هەروەها لە ماوەی دووگیانیشدا دەبێت خانمان لە ماوەی 28 هەفتەی سەرەتادا، هەموو مانگێک سەردانی پزیشکی ژنان و منداڵبوون بکەن، دواتریش بەگوێرەی رێنماییەکانی پزیشکەکەیان لە کاتی پێویستدا سەردانی پزیشک بکەنەوە.