درزی لێو  و مەڵاشوو چییە؟

درزی لێو نەخۆشییەکی زگماکییە

درزی لێو چییە؟


لێوەکانمان لە نێوان هەفتەی چوارەم بۆ حەوتەمی گەشەکردنی کۆرپەلەدا دروستدەبن. شانەکانی هەر لایەکی سەر لە ناوەڕاستی دەموچاودا یەکدەگرنەوە و لێو و دەم دروستدەکەن. درزی لێو کاتێک دروستدەبێت کە شانەکانی لێو یەکناگرن و لە ئەنجامدا کرانەوەیەک یان درزێک دروستدەبێت لە نێوان هەردوو لای لێوی سەرەوە. درزەکە دەکرێت بۆشاییەکی بچووک بێت یان بۆشایەکی گەورە کە بگات بە لووت

درزی مەڵاشوو چییە؟

درزی مەڵاشوو لە نێوان هەفتەی شەشەم و نۆیەمی دووگیانیدا دروستدەبێت، هاوشێوەی درزی لێو کە لە ماوەی دروستبوونی کۆرپەلە دروستدەبێت, بەهۆی یەکنەگرتنی شانەکانی مەڵاشووەوە.

بە شێوەیەکی گشتی درز بە چەند جۆرێک دروستدەبێت:

  • درزی لێو بە تەنیا
  • درزی مەڵاشوو بە تەنیا
  • درزی لێو و مەڵاشوو بەیەکەوە (باوترین جۆرە)

چی دەبێتەهۆی تووشبوونی درزی مەڵاشوو و لێو؟

لە زۆربەی بارەکاندا هۆکاری توشبوون نەزانراوە، بەڵام زۆرینەی زانایان بڕوایان وایە تێکەڵەیەک لە هۆکارە بۆماوەییەکان و هۆکارە ژینگەییەکان دەبنەهۆی درز.

ئەگەری دەرکەوتنی ئەو بارە لە منداڵێکدا کە باوانی تووشبووبن بەم نیشانەیە زیاتردەبێت و ئەگەری تووشبوونی بە درز دەوروبەری 2% بۆ 8%ە. هەروەها ئەگەر پێشتر منداڵێکت هەبوو کە لێو یان مەڵاشووی درزی هەبوو، ئەگەری بوونی منداڵێکی دیکەت کە ئەو حاڵەتەی هەبێت کەمێک زیاترە.

لە ماوەی دووگیانی چی مەترسیی تووشبوونی کۆرپەلە بە درز زیاددەکات؟

  •  دەرمانی دژەگەشکە
  • دەرمانی دژەزیپکە
  • ئەو دەرمانانەی کە دژی شێرپەنجە، ئازاری جومگە و سەدەف بەکاردەهێنرێن

ئەو هۆکارانەی کە پەیوەندییان بە باوانی کۆرپەلەوە هەیە:

  • کەمیی ترشی فلۆریک
  • جگەرەکێشان یان بەکارهێنانی تووتن لە کاتی دووگیانی
  • بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان
  • بەرکەوتن بە هەندێک ڤایرۆس و ماددەی کیمیایی لە ماوەی دووگیانی

ئەو کێشانە چین کە تووشی تووشبوویەکی درزی لێو و مەڵاشوو دەبێتەوە؟

ئەو منداڵانەی کە تووشی ئەم گرفتە دەبن کێشەی خواردن و خواردنەوەیان  بۆ دروستدەبێت، بەتایبەت لە کاتی شیرپێداندا، هەروەها زۆرجار کێشەی قسەکردن و تەنانەت بیستنیشیان هەیە.

ئایە دەتوانی لە کاتی دووگیانیدا درزی لێو دەستنیشانبکرێت؟

زۆرجار دەتوانرێت درزی لێو لە نێوان هەفتەی 18 بۆ 22 دووگیانیدا دەستنیشانبکرێت هەندێجاریش دەتوانرێت لە هەفتەی دوازدەیەم بدۆزرێتەوە.

چارەسەری درزی لێو و مەڵاشوو چییە؟

چارەسەری نەخۆشییەکە لە رێگەی نەشتەرگەرییەوەیە، رەنگە پێویستی بە یەک یان دوو نەشتەرگەری هەبێت. یەکەم نەشتەرگەریی درزی لێو بەزۆری کاتێک دەکرێت کە منداڵەکەت تەمەنی لە نێوان 3 بۆ 6 مانگدایە و یەکەم نەشتەرگەریی درزی مەڵاشووش لە تەمەنی 12 مانگی دەکرێت.

بەشێوەیەکی گشتی، چارەخوازان لە دوای نەشتەرگەرییەکان پێویستییان بە چارەسەری ئاخاوتن دەبێت.