پسپۆڕێکی چاو: دەبێت تووشبووانی شەکرە پشکنینی چاو بکەن

د. حەسەن خۆشناو - پسپۆڕی نەخۆشییەکانی چاو

پسپۆڕێکی چاو باس لە کاریگەرییەکانی نەخۆشیی شەکرە دەکات لەسەر تەندروستیی چاوەکان و نەخۆشیی شەکرە بە شێرپەنجەیەکی بەڕێز" ناودەبات".

د. حەسەن خۆشناو، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی چاو و پسپۆڕی ورد لە تۆڕی چاو، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کەناڵ8ی گوت: شەکرە بەڕێژەیەکی بەرچاو کاردەکاتە سەر تەندروستیی چاوەکان، بەجۆرێک بەشێکی زۆر لەوانەی تووشی نەخۆشییەکە دەبن، لانیکەم تووشی گرفتی لێڵبوونی چاو دەبن.

"دەکرێت کاریگەرییەکانی شەکرە لەسەر چاو هەر لە لێڵبوونەوە تاوەکو لەدەستدانی بینایی دەربکەون" بەڵام قورسیی نیشانەکان دەکەوێتە سەرئەوەی کە رێژەی شەکری خوێن تا چەند جێگیر و کۆنترۆڵکراوە "بەجۆرێک کە تووشبووی شەکرە هەیە بەهۆی گرنگینەدان و پشتگوێخستنەوە، دوای دوو ساڵ بینایی لەدەستداوە"

پزیشکە کوردەکە لەڕێگەی کەناڵ8ەوە رێنمایی تووشبووانی نەخۆشیی شەکرەی کرد کە لە کاتی بوونی هەر نیشانەیەک لە چاوەکانیاندا، راستەوخۆ سەردانی پزیشکی پسپۆڕی هەناوی و پزیشکی چاو بکەن. "ئەوانەشی کە هێشتا نیشانەیان نییە بەڵام زیاتر لە 10 ساڵە شەکرەیان هەیە، دەبێت ماوەماوە پشکنینی پێویست بۆ چاوەکانیان بکەن"

د. حەسەن خۆشناو جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت تووشبووانی شەکرە، بۆ رێگریکردن لە گرفتەکانی چاو، گرنگیبدەن بە کۆنترۆڵکردنی رێژەی شەکری خوێنیان و پابەندبن بە دەرمان و رێنمایی پزیشکەکانیانەوە؛ "چونکە ئەو چارەسەرانەی لەبەردەستن، هیچیان تۆڕەی چاو ناگەڕێننەوە بۆ دۆخی ئاسایی، بەڵکو تەنیا ناهێڵن گرفتەکە زیاتر بەرەوپێشبچێت"