پسپۆڕێک: شەکرە نەخۆشیی سەردەمە و هاوتای شێرپەنجەیە

د. زاگرۆس غەفوور داراغا-پسپۆڕی هەناوی و نەخۆشیی شەکرە

پزیشكێکی پسپۆڕی نەخۆشیی شەکرە باس لەوە دەکات کە نەخۆشیی شەکرە، ئێستا نەخۆشیی سەردەمە و دەبێت بە گرنگییەوە سەیریبکرێت، بەجۆرێک "ئەم نەخۆشییە هیچی کەمتر نییە لە نەخۆشیی شێرپەنجە"

د. زاگرۆس غەفوور داراغا، پسپۆڕی هەناوی و نەخۆشیی شەکرە، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کەناڵ8 لەسەر نەخۆشیی شەکرە و شێوازی چارەسەرکردنی قسەیکرد و گووتی "دەتوانین لەجێگەی نەخۆشی، ناو لە شەکرە بنێین کۆنیشانە، چونکە کاردەکاتە سەر هەموو ئەندامەکانی جەستە و دەکرێت مەترسی دروستبکات.

بێگومان تووشبووانی نەخۆشیی شەکرە، یان ئەوانەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکەیان لەسەرە، نابێت بترسن، چونکە وەکو د. زاگرۆس گووتی راستە شەکرە مەترسیدارە، بەڵام نەخۆشییەکە کە زۆرکات دەتوانرێت رێگەی لێبگیرێت و لە حاڵەتی تووشبوونیشدا کۆنترۆڵبکرێت.

"ئەوانەی پێششەکرەیان هەیە [شەکری خوێنیان بەرزە بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە ئاستی تووشبوون بە شەکرە]، دەتوانن لەڕێگەی گۆڕینی شێوازی ژیان و پابەندبوون بە رێنماییەکانی پزیشکانەوە، رێگری لە تووشبوون بە نەخۆشییەکە بکەن؛ ئەوانەشی کە تووشبووی نەخۆشییەکەن، راستە ناتوانن بەیەکجاری لە شەکرە چاکببنەوە، بەڵام دەتوانن لەڕێگەی کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکەوە ژیانێکی ئاسایی بژین"

پەیوەست بە چارەسەرەکانی نەخۆشیی شەکرە، پزیشکە کوردەکە گووتی کە بنەمای چارەسەری شەکرە پابەندبوونی چارەخوازە بە رێنماییەکانی پزیشک و چارەسەرەکانەوە؛ بۆنموونە یەکێک لە گرنگترین ئەو خاڵانەی کە دەبێت تووشبووانی شەکرە پەیڕەوی لێبکەن، گۆڕینی شێوازی ژیان و وەرزشکردنە

"گۆڕینی شێوازی خواردن و وەرزشکردن لە پێش هەموو چارەسەرێکەوە دێن بۆ تووشبووانی نەخۆشیی شەکرە"

د. زاگرۆس هۆشداریدا کە ئێستا شەکرەی جۆری دوو، کە پێشتر زیاتر لە کەسانی سەروو 40 ساڵدا روویدەدا، لە منداڵاندا زیادیکردووە؛ هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە شێوازی ژیان و خواردن گۆڕاوە و رێژەی قەڵەوی لە منداڵاندا هەڵکشاوە.

لە درێژەی قسەکانیدا پسپۆڕەکەی شەکرە بە کەناڵ8ی گووت "نابێت تووشبووانی شەکرە لە دەرزیی ئنسۆلین بترسن و پێیان وابێت کە وەرگرتنی ئەم دەرزییە کۆتایی دنیایە، بەڵکو ئنسۆلین وەکو هەر دەرمانێکی دیکە سوودێکی زۆری هەیە بۆ تووشبووانی نەخۆشیی شەکرە و دەکرێت بەتەواوی نیشانەکانیان کۆنترۆڵبکات"

دەرمان و رێگەکانی کۆنترۆڵکردنی نەخۆشیی شەکرە بەردەوام لە بەرەوپێشچووندان. لە کۆتایی قسەکانیدا، د. زاگرۆس باسی لە ئەزموونی چەند ساڵەی خۆی کرد و گووتی "ئێمە رۆژانە گۆڕانکاری دەبینین لە شێوازی چارەسەرکردنی نەخۆشیی شەکرە، هەم لە شێوازی پشکنین و دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە، هەمیش لە چارەسەرەکاندا"