د. هەرێم ستار: ساڵی داهاتوو سێ مانگ بەر لە رەمەزان سەردانی پزیشکەکەتان بکەن!

د. هەرێم ستار، پزیشکی پسپۆڕی هەناو..فۆتۆ: دانا عەبدولکەریم

کەناڵ8- سلێمانی

پزیشکێکی پسپۆڕ دەڵێت ئەوانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە و مەبەستیانە بەڕۆژووبن، دەبێت ساڵانە سێ مانگ بەر لە رەمەزان سەردانی پزیشکەکەیان بکەن تاوەکو نەخۆشییەکانیان کۆنترۆڵبکرێت و بتوانن بەڕۆژووبن.

د. هەرێم ستار، پزیشکی پسپۆڕی هەناو، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵ8 دەڵێت"ئەو کەسانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە، دەبێت نەخۆشییەکەیان کۆنترۆڵکرابێت بۆ ئەوەی بتوانن بەڕۆژووبن، بۆیە کەسەکە دەبێت سێ مانگ بەر لە رەمەزان سەردانی پزیشکەکەی بکات بۆ ئەوەی هەر گرفتێک لە نەخۆشییەکەیدابوو هەوڵبدرێت کۆنترۆڵبکرێت و بە تەندروستییەکی جێگیرەوە دەست بە رۆژووگرتن بکات".

پزیشکە پسپۆڕەکە دەڵێت ناکرێت چەند رۆژێک بەر لە رەمەزان سەردانی پزیشک بکەیت و داوایلێبکەیت هەموو گرفتەکانت کۆنترۆڵبکات و بتوانیت بەڕۆژوو بیت "کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییە درێژخایەنەکان پێویستی بە پشکنینی جۆراوجۆرە، لەوانەیە پێویست بە گۆڕینی دەرمانەکان بکات، لەوانەیە توندکردنەوەی هەندێک پارێزی بوێت، ئەوانەش پێویستیان بە کاتە و لە یەکدوو رۆژێکدا کاریگەرییەکانیان دەرناکەوێت".

د. هەرێم ستار دەڵێت بڕیاردان لەوەی کەسێک دەتوانێت بەڕۆژووبێت یان نا، بڕیارێکی گشتگیر نییە، بەڵکو بە لێکدانەوەی هەموو لایەنەکانی تەندروستیی کەسەکە بڕیاری لێدەدرێت "ناتوانین بڵێین هەموو ئەوانەی شەکرەیان هەیە دەتوانن یان ناتوانن بەڕۆژوو بن، بەڵکو هەریەکەیان بە جیا بڕیاری لێدەدرێت بەپێی بارودۆخی گشتیی کەسەکە، ئەمە بۆ زۆربەی نەخۆشییە درێژخایەنە هاوشێوەکان راستە".