پسپۆڕێكی گورچیلە: بۆ گورچیلەی تەندروست رۆژوو سوودبەخشە

د. نزار عوسمان دەروێش، پزیشکی پسپۆڕی هەناو و گورچیلەکان و بەرزەفشاری خوێن

کەناڵ8- سلێمانی

پسۆڕێکی گورچیلە دەڵێت بۆ ئەو کەسانەی گرفتی گورچیلەیان نییە، رۆژو نەک زیانیان پێناگەیەنێت، بگرە سوودبەخشە، بەڵام بۆ بەشێکی لە نەخۆشییەکانی گورچیلە رۆژوو زیانی زیاترە.

د. نزار عوسمان دەروێش، پزیشکی پسپۆڕی هەناو و گورچیلەکان و بەرزەفشاری خوێن لە ئەڵمانیا، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵ8 دەڵێت "لە کەسانی ئاسایی و تەندروستدا، رۆژوو یارمەتیی گورچیلەکان دەدات خۆیان نوێبکەنەوە، جگە لەوەش لە رێگەی کەمکردنەوەی بڕی خوێی رۆژانە و باشکردنی فشاری خوێن و شەکری خوێنەوە سوودی بۆ گورچیلەکان دەبێت".

وەکو پزیشکە پسپۆڕەکە دەڵێت بۆ بەشێک لەوانەی نەخۆشیی گورچیلەیان هەیە، رۆژوو زیانی لە سوودی زیاتردەبێت "ئەو کەسانەی گورچیلەیان بەرد زۆر دروستدەکات، ئەوانەی دەردەشایان هەیە و ئەوانەی لە قۆناغێکی پێشکەوتووی سستیی گورچیلەدان ئەگەر بەڕۆژووبن، نەخۆشییەکانی گورچیلەیان بەرەو خراپتربوون دەچێت".

د. نزار دەڵێت بۆ ئەوانەی تووشی سستیی گورچیلە بوون گرنگترین چارەسەر چاندنی گورچیلەیە "لە وڵاتانی پێشکەوتوو، هەر نەخۆشێک گەیشتە قۆناغی شوشتنەوەی گورچیلە، ناوی دەخرێتە لیستی وەرگرانی گورچیلە و هەر`کاتێک بەخشەرێکی گورچیلە پەیدابوو یان گیانیسپارد، بە زوویی گورچیلەکەی بۆ دەچێنن".

پسپۆڕەکە دەڵێت تەمەنی گورچیلەی چێنراو ئێستا لە جاران زۆر زیاترە "ئێستا ئەگەر گورچیلەیەک لە کەسە نزیکەکانی کەسەکەوە وەرگیرابێت، دەکرێت 20 ساڵ بڕبکات، ئەگەر لە کەسێکی دووریشەوە وەرگیرابێت دەتوانێت نزیکەی 15 ساڵ لە جەستەی کەسەکەدا کاری خۆی بکات".