د. رووخۆش حەسەن: بۆنی دەم لە رەمەزاندا کاتییە و دەتوانین کەمیبکەینەوە

د. رووخۆش حەسەن، پزیشکی پسپۆڕی شانەزانیی دەم و ددان لە ستۆدیۆی کەناڵ8

کەناڵ8- سلێمانی

پزیشکێکی پسپۆڕی دەم و ددان دەڵێت ئەو بۆنە نەخوازراوەی لە هەناسەی کەسی رۆژووەواندا دروستدەبێت، بەهۆی وشکبوونەوەی ناو دەمە و بە هەندێک رێوشوێنی سادە دەتوانین رێگەی لێبگرین.

د. رووخۆش حەسەن، پزیشکی پسپۆڕی شانەزانیی دەم و ددان و مامۆستای زانکۆ، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵ8 دەڵێت "بۆنی دەم و هەناسە هۆکاری زۆرە، بەڵام ئەوەی لە کاتی رۆژوودا دروستدەبێت بەزۆری بەهۆی وشکبوونەوەی ناو دەمە، بەهۆی کەمبوونەوەی لیک، کە دەبێتەهۆی گەشەی بەکتریا و دروستبوونی ئەو بۆنە ناخۆشە".

وەکو پزیشکە پسپۆڕەکە دەڵێت، لیک پێکهاتەیەکی ئاڵۆزی هەیە و چەندین ئەنزیم و هۆرمۆن و دەرمانی دژەبەکتریا و دژەکەڕووی تێدایە و بەردەوام ناودەم دەشواتەوە، لە کاتی رۆژوودا لیک کەمدەبێتەوە "وەکو چۆن بەهۆی نەخواردنەوەی ئاوی پێویستەوە وشکبوونەوە لە زۆر ئەندامی جەستەدا روودەدات، لەناودەمیشدا وشکبوونەوە و کەم خواردنەوەی ئاو دەبێتەهۆی کەم دەردانی لیک و وشکبوونەوەی ناو دەم".

د. رووخۆش دەڵێت بە هەندێک رێوشوێن دەتوانین ئەم وشکییەی ناو دەم لە رەمەزاندا کەمبکەینەوە "لە رۆژدا ئاو لە دەم وەردان، لە بەربانگ و پارشێو و شەوانیش بە خواردنەوەی بڕی پێویستی ئاو و ریشاڵە خۆراکییەکان، سەوزەکانی وەکو خەیار و کاهو و ئەوانی دیکە، میوەکانی وەکو شووتی و قۆخ کە وادەکەن جەستە بڕی پیویستی ئاو گلبداتەوە بۆ کاتی رۆژوو".