پسپۆڕێک: لە جەژندا ئەو چوکلێتانە نەخورێن کە بە ددانەوە دەنووسێن

د. رۆژینا پێشڕەو، پزیشکی جوانکاری و بنیادنانەوەی ددان

پسپۆڕێکی جوانکاریی دەم و ددان کۆمەڵێک رێنمایی لەسەر شێوازی پاراستنی تەندروستیی دەم و ددان لە رۆژانی جەژندا دەخاتەڕوو.

د. رۆژینا پێشڕەو، کە پزیشکی جوانکاری و بنیادنانەوەی دەموددانە، بە کەناڵ8ی راگەیاند کە خواردنە شیرینەکانی وەکو چوکلێت و نوقڵی جەژن، ئەگەری کلۆربوونی ددانەکان زیاددەکەن؛ هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە ئەو خواردنانە خۆراکی سەرەکیی ئەو بەکتریایانەن کە ددانەکان کلۆردەکەن.

پسپۆڕەکە گووتی "ئەو شیرینییانەی جیڕن و بە ددانەوە دەنووسێن، زیانیان زیاترە؛ بۆیە ئەگەر هەر شیرینی خورا، دەبێت ئەو جۆرانە بخورێن کە جیڕنین و نانووسێن بە ددانەوە"

د. رۆژینا گووتیشی "گرنگە لەدوای خواردنی شیرینی، ددانەکان بە فڵچە و هەویری ددان بشۆرێن، یان لانیکەم ئاو لەدەم وەربدرێت"

"گرنگە هاونیشتمانییان ئەوە بزانن کە هەر شیرینی زیان بە ددان ناگەیەنێت، بەڵکو خۆراکە ترشەکانیش دەبنەهۆی داخوران و لەناوبردنی مینای ددان؛ بۆیە دەبێت لە کاتی جەژندا هاونیشتمانییان دووربکەونەوە لە خواردنەوەی خواردنەوە گازییەکان"

د. رۆژینا، باسیشی لەوە کرد کە رەنگی سپی، بە واتای تەندروستبوونی ددانەکان نایەت؛ بۆیە نابێت هاونیشتمانییان لەپێناو سپیبوونی ددانەکانیان، تەندروستییان بخەنە مەترسییەوە و رێگە و ماددەی زیانبەخش بەکاربهێنن. هەروەها گووتی بۆ رێگریکردن لە گۆڕانی رەنگی ددان، خەڵکی دەتوانن شەش مانگ جارێک لای پزیشکی پسپۆڕ ددانیان بشۆن و هەروەها "هەموو جارێک لەدوای خواردنەوەی چا و قاوە، ئاو لەدەمیان وەربدەن"

پسپۆڕەکە گووتی، تەندروستیی دەم و ددان پەیوەستە بە تەندروستیی هەموو جەستەوە، بۆیە دەبێت هاوشێوەی ئەندامەکانی دیکەی جەستە، هەوڵبدرێت دەم و ددان بپارێزرێن و ئەو شتانە نەکرێن کە زیانیان پێدەگەیەنن.