د. ساکار مەحوی: چاویش پێویستی بە رۆژووی تەندروستانەیە

د. ساکار حەمەفەرەج مەحوی، پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەری و نەخۆشییەکانی چاو

کەناڵ8- سلێمانی

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکان و نەشتەرگەریی چاو دەڵێت لە رەمەزاندا دەبێت هەندێک رێنمایی تایبەت جێبەجێبکەین بۆ پاراستنی تەندروستیی چاوەکانمان.

د. ساکار حەمەفەرەج مەحوی، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکان و نەشتەرگەریی چاو، لە لێدوانێکدا بە کەناڵ8ی وت "لە رەمەزاندا شێوازی تەندروستانەی ژیان لە خواردن و خواردنەوە و خەوتن، کاردەکەنە سەر تەندروستیی چاوەکان".

وەکو پزیشکە پسپۆرەکەی چاو دەڵێت هەریەک لەو سێ بابەتە بەشێوازی خۆی کاردەکاتە سەر چاوەکان لە رەمەزاندا "وشکبوونەوەی زۆری رۆژ و کەمخواردنەوەی ئاو لە بەربانگ و شەوان و پارشێودا، دەبێتەهۆی کەمبوونەوەی فرمێسک و وشکبوونەوەی چاو، کە یەکێکە لە کێشە باوەکانی چاو لەم سەدەمەدا".

د. ساکار مەحوی لە درێژەی لێدوانەکەیدا بۆ کەناڵ8 هەروەها دەڵێت "خواردەمەنی سروشتی و هەمەجۆر و هەمەڕەنگ گرنگن بۆ تەندروستیی تۆڕەی چاو و بینایی چاو، بە تایبەت ڤیتامین ئەی و ماددەی لیوتین کە لە سپێناخ، کیوی، بیبەری شیرین، برۆکلی و هاوپۆلەکانیاندا هەن".

جگە لە خواردن و خواردنەوە، د. ساکار ئاماژە بە مەترسیی تێکچوونی خەوی شەوانی رەمەزان دەکات لەسەر تەندروستیی چاو "کەمخەوی دەبێتەهۆی وشکبوونەوەی زیاتری چاو، بەتایبەت ئەگەر نەخەوتنەکە بەدیار شاشەی مۆبایل و ئایپاد و کەرەستە ئەلیکترۆنییەکانەوە بێت".