پزیشکێکی ئێسک: جومگەی دەستکرد 15-25 ساڵ بەرگەدەگرێت

د. وەرزێر فەتاح شاڵی - پزیشكی پسپۆڕی ئێسک و شکاوی و گۆڕینی جومگە

پسپۆڕێکی کورد باس لە نەشتەرگەریی گۆڕینی جومگەی ئەژنۆ دەکات و دەڵێت ئەگەر چارەخوازەکە دوای نەشتەرگەرییەکە ئاگای لەخۆیبێت، دەتوانێت ژیانێکی ئاسایی بژی.

د. وەرزێر فەتاح شاڵی، پسپۆڕی نەشتەرگەریی ئێسک و شکاوی و گۆڕینی جومگە، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کەناڵ8 باسی لەوە کرد کە دوو جۆر نەشتەرگەریی گۆڕینی جومگە هەن، جۆرێکیان دەکرێت تەنیا لایەکی بگۆڕێت، لە جۆرێکیشیاندا هەموو جومگەکە لادەبرێت و دەگۆڕێت بە جومگەیەکی دەستکرد؛ لەم نێوانەشدا جۆری دووەمیان سەرکەوتووترە.

سەبارەت بە تەمەنی گونجاو بۆ کردنی ئەم نەشتەرگەرییە، پزیشکە کوردەکە گوتی کە نەشتەرگەریی گۆڕینی جومگە لە بنەڕەتدا بۆ کەسانی بەساڵاچوو پەرەیپێدراوە، بۆیە ئاساییە ئەم نەشتەرگەرییە بۆ کەسانی بەساڵاچووش بکرێت؛ بەجۆرێک ئەگەر بەشێوازێکی سەرکەوتوو بکرێت و چارەخوازەکە ئاگای لەخۆی بێت، "دەکرێت ئەم جومگە دەستکردە، ئەژنۆی کەسەکە بکاتەوە بە هاوشێوەی ئەژنۆی کەسێکی 30 ساڵ"

د. وەرزێر ئاماژەی بەوەدا کە جومگەی دەستکرد دەکرێت لەنێوان 15-25 ساڵ، هەندێجار زیاتریش بەرگەبگرێت.

"بەڵام ئەمە دەکەوێتە سەر چارەخوازەکە و گرنگیدان بە تەندروستیی خۆی؛ بۆنموونە ئەوانەی گۆڕینی جومگەیان بۆ دەکرێت، بە هیچ جۆرێک نابێت لەسەر زەوی دابنیشن، دەبێت تەوالێتی رۆژئاوایی بەکاربهێنن و کێشیشیان داببەزێنن"

پسپۆڕەکەی ئێسک و شکاوی باسی لەوە کرد کە رێژەی سەرکەوتنی نەشتەرگەرییەکە زۆرە، بەڵام بێگومان ماکیشی هەیە "بۆنموونە دەکرێت چارەخوازەکە تووشی هەوکردن ببێت، یان زیان بە دەمارەکانی بگات؛ ئەگەر هیچ ماکێک روونەدات و چارەخوازەکە ئاگای لەخۆیبێت، دەتوانێت دوای نەشتەرگەرییەکە ژیانێکی ئاسایی بژیت"

لە حاڵەتێکدا ئەگەر جومگەکە شکستی هێنا، "دەکرێت چەنجارێک نەشتەرگەرییەکە دووبارەبکرێتەوە، بەڵام لەدوای هەرجارێک، کردنی نەشتەرگەرییەکە قورستردەبێت و لەوانەیە ماکی زیاتربێت"