وەزارەتی تەندروستیی رووسیا دەڵێت کاریگەرترین چارەسەری رۆماتیزمی بڕبڕەکان و حەوزیان دۆزیوەتەوە و رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ناوی بۆ دەرمانەکە دیاریکردووە.
وەکو وەزارەتی تەندروستیی رووسیا دەڵێت دەرمانەکە خانە لیمفییە نەخۆشخەرەکانی کۆئەندامی بەرگری دەکاتە ئامانج و لە توێژینەوە و تاقیکردنەوە زانستییەکاندا کارایی و سەلامەتیی دەرمانەکە سەلمێنراوە.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە دەرمانە نوێیەکە لەلایەن رێکخراوی تەندروستیی جیهانییەوە ناوی (Seniprutug)ی پێبەخشراوە و بەرهەمی هاوئاهەنگیی کار و توێژینەوەی سێ ناوەندی زانستییە کە بریتیینلە: ناوەندی توێژینەوەی پزیشکیی نیشتیمانیی پیرۆگۆڤ، ئەنستیتۆی کیمیایی بایۆرگانیک و کۆمپانیای نیشتیمانیی دەرمانی رووسیا.
پاش تۆمارکرانی دەرمانەکە لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی رووسیاوە، ئیدی دەرمانەکە دەچێتە قۆناغی بەرهەمهێنان و پاشان بەبازاڕکردن.
رۆماتیزمی بڕبڕەکان و حەوز (بە کورتی بە AS ناسراوە) نەخۆشییەکی دژەخۆ بەرگرییە و تێیدا کۆئەندامی بەرگریی کەسەکە تووشی سەرلێشێوان دەبێت، بە جۆرێک کڕکڕاگە و ناوپۆشی جومگەکانی حەوز و بڕبڕەکان دەکاتە ئامانج، بەوەش کەسەکە تووشی ئازار و رەقبوونی پشت و حەوز و هەندێکجار جومگەکانی دیکەش دەبێت و ئەگەر کۆنترۆڵنەکرێت دەبێتەهۆی پەکخستنی زۆر لە چالاکییە جەستەییەکانی کەسەکە.