وەزیری تەندروستیی عێراق: ئێستا بەشی پێویستیی کەرتی حکومی سرنج لە ناوخۆ دروستدەکرێت

وەزیری تەندروستیی عێراق لەکاتی کردنەوەی کارگە نوێیەکە..فۆتۆ: واع

کەناڵ8- سلێمانی

وەزیری تەندروستیی عێراق دەڵێت ئێستا کارگە ناوخۆییەکان بەشی کۆی پێداویستیی کەرتی حکومی و بەشێکی پێداویستیی کەرتی تایبەت سرنج بەرهەمدەهێنن و پرۆسەی بە نیشتیمانیکردنی پیشەسازیی دەرمان بەردەوامدەبێت!

ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستیی عێراق، لە کاتی کردنەوەی کارگەیەکی نوێی دروستکردنی سرنجی پزیشکیدا بە ئاژانسی دەنگوباسی عێراق (واع)ی گووت "وەکو بەشێک لە پرۆگرامە حکومییەکەی سەرۆکوەزیران محەمەد شیاع سودانی تایبەت بە نیشتیمانیکردنی پیشەسازیی دەرمان و بە هاریکاریی کەرتی تایبەت، کارگەیەکی دیکەی دروستکردنی سرنجمان کردەوە".

لە درێژەی لێدوانەکەیدا، وەزیری تەندروستیی عێراق لەبارەی توانای بەرهەمهێنانی کارگە نوێیەکە گووتی "ئەم کارگەیە بە قەبارەی جیاجیا (3، 5، 10، 20، 50) سی سی، ساڵانە 80 ملیۆن سرنج دروستدەکات و لە پلاندایە لە ماوەیەکی کورتدا بگەیەنرێتە ساڵانە 160 ملیۆن دانە".

حەسناوی ئەوەشی گوتووە "ئێستا لە عێراق سێ کارگەی دروستکردنی سرنجمان هەن کە دەتوانن بەشی تەواوی پێداویستیی کەرتی حکومی و بەشێکی پێداویستیی کەرتی تایبەت بەرهەمبهێنن".

وەزیری تەندروستیی عێراق دەڵێت حکومەتی عێراق ئاسانکاریدەکات بۆ کەرتی تایبەت تاوەکو لە پیشەسازیی دەرماندا چالاکییەکانیان فراوانبکەن و داوای لە وەبەرهێنەران کرد بەرەو کەرتی پیشەسازیی دەرمان  و پێداویستیی پزیشکی بجووڵێن، بۆ ئەوەی عێراق ئاساییشی دەرمانی خۆی بچەسپێنێت و بەردەوامیی بدات بە فەراهەمکردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان.