وەزیری تەندروستیی عێراق گەیشتە هەولێر

هەردوو وەزیری تەندروستیی عێراق و هەرێمی کوردستان لە هەولێر. فۆتۆ: وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان

کەناڵ8- سلێمانی

وەزیری تەندروستیی عێراق درەنگانی شەو گەیشتە هەولێر و بەپێی راگەیەنراوی وەزارەتی تەندروستی بۆ بەشداری چەند چالاکییەک سەردانەکەی کردووە.

درەنگانی شەوی چوارشەممە 24ی نیسان د. ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستیی عێراق، گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لە لایەن د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێکرا.

لەبارەی ئامانجی سەردانەکەوە، د. سەرکار سورچی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بە دێسکی تەندروستیی کەناڵ8ی گوت" د. ساڵح حەسناوی بە سەردانی فەرمی و بۆ بەشداریی چەند چالاکییەکی زانستی و ئەکادێمی گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان، لەوانە بەشداریی کۆنفرانسی زانستیی پزیشکانی منداڵان لە هەرێمی کوردستان و چەند چالاکییەکی دیکە".

ئەمە دووەم سەردانی وەزیری تەندروستیی عێراقە بۆ هەرێمی کوردستان لەماوەی دەستبەکاربوونیدا، هەردوو سەردانەکەش ئەمساڵ بوون.

چالاکییەکانی وەزیری تەندروستیی عێراق لە هەرێمی کوردستان لەم هەواڵەوە نوێدەکرێتەوە.