لە عێراق لە ساڵێکدا ملیۆنێک و 700 هەزار نەشتەرگەری کراون

نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەیەکی عێراق. فۆتۆ: وەزارەتی تەندروستیی عێراق

کەناڵ8- سلێمانی

وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایدەگەیەنێت لەماوەی ساڵی رابردوودا زیاتر لە ملیۆنێک و 700 هەزار نەشتەرگەری کراون و ئەوەش بە رادەیەکی بەرچاو زیاترە لە ساڵی پێشووتر.

بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، کە دێسکی تەندروستیی کەناڵ8 بەدواداچوونی بۆ کردووە، لەناو نەشتەرگەرییەکاندا کە ساڵی 2023 ئەنجامدراون "نزیکەی 47 هەزاریان نەشتەرگەریی تایبەت، زیاتر لە 300 هەزاریان نەشتەرگەریی سەروو گەورە، نزیکەی 340 هەزاریان نەشتەرگەریی گەورە، زیاتر لە 372 هەزاریان نەشتەرگەریی مامناوەند و نزیکەی 650 هەزاریان نەشتەرگەریی بچووک بوون".

وەکوو لە بەیاننامەکەدا هاتووە "نەشتەرگەرییەکان لە پسپۆڕیی جیاجیادا ئەنجامدراون وەکوو: نەشتەرگەریی گشتی، قوڕگ و لووت و گوێ، خانمان و منداڵبوون، کردنەوەی سنگ، ئێسک و شکاوی، گورچیلە و میزەڕۆ، چاندنی گورچیلە، چاو، جوانکاری و رێککاری، مێشک و دەمار، شەویلگە و روو، نەشتەرگەریی منداڵ، بۆرییەکانی و خوێن و قەستەرە و هی دیکە".

بەپێی هەمان بەیاننامە و لە ساڵی 2022 دا ژمارەی نەشتەرگەرییەکان ملیۆنێک و 400 هەزار  دانە بوون، واتە ساڵی 2023 لە عێراق بەراورد بە ساڵی پێش خۆی، 300 هەزار نەشتەرگەریی زیاتر جێبەجێکراون.

لەبارەی کۆی گشتی سەردانکەرانی ناوەندە تەندروستییەکانیشەوە، وەزارەتەکە دەڵێت ساڵی رابردوو ژمارەیان 71 ملیۆن سەردانکەر بووە و زیاتر لە نیو ملیۆنیان لە چوارچێوەی خزمەتگوزاریی بیمەدا بینراون.