پسپۆڕێكی دەرمان: دۆزینەوەی دەرمانێکی نوێ 10 ساڵ کات و ملیارێک دۆلاری پێویستە

د. محەمەد نەوزاد لە ستودیۆی کەناڵ8

کەناڵ8- سلێمانی

پسپۆڕێکی دەرمانزانیی سروشتی دەڵێت تاوەکو لە پێکهاتەیەکی خاو یان سروشتییەوە دەرمانێک دروستدەکرێت، 10 ساڵ کارکردن و توێژینەوە و لانیکەم ملیارێک دۆلار پێویستە.

د. محەمەد نەوزاد، پزیشکی پسپۆڕی دەرمانسازی و پسپۆڕی وردی دەرمانزانیی سروشتی، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵ8 دەڵێت "رێوشوێنەکانی دۆزینەوەی دەرمان، ئێجگار ورد و ئاڵۆزن، کات و پارەی زۆریان دەوێت، بە تێکڕا بۆ ئەوەی دەرمانێکی نوێ بدۆزرێتەوە، 10 ساڵ کارکردن و خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە پێویستە و لانیکەم ملیارێک دۆلاریش خەرجیی هەیە".

وەکو پسپۆرەکەی گیادەرمانیی سروشتی دەڵێت "سەرەتا سەرەداوێک دەستدەکەوێت کە پێکهاتەیەک کارێکی دیاریکراو لەسەر لایەنی بایۆلۆجیی مرۆڤ دەکات، پاشان پێکهاتەکە پوختدەکرێتەوە و ئەو بەشانەی کە زیانیان هەیە لادەبرێن، پاشان لەسەر گیانەوەران تاقیدەکرێتەوە، لێکۆڵینەوە لە کاریگەرییە خوازراو و نەخوازراوەکانی دەکرێت و بە چەند قۆناغێک لەسەر مرۆڤ تاقیدەکرێتەوە و لە دواقۆناغدا دەدرێت بە 10 هەزار مرۆڤ، لێکۆڵینەوە لە لێکەوتەکانی ساڵانی داهاتووی دەکرێت، لە کاریگەرییەکانی لەسەر کۆرپەی ناو سکی دایک دەکۆڵرێتەوە، بەگشتی لانیکەم 10 ساڵ کارکردن و توێژینەوەی دەوێت و خەرجیی ملیارێک دۆلاریشی پێویستە، ئەوە جگە لەوەی چەندین دەرمان پاش چەند ساڵ لێکۆڵینەوە و ئەو خەرجییە زۆرەش پەسەندناکرێن و رێگەنادرێت بخرێنە بازاڕ".

د. محەمەد نەوزاد دەڵێت گیادەرمانییەکان جگە لە پێکهاتە خوزراوەکە، چەندین پێکهاتەی دیکەیان لەگەڵە و پوختە نەکراون، بۆیە نابێت بکرێنە جێگرەوەی دەرمانە پزیشکییەکان "لە دەرمانێکی گیاییدا کۆمەڵێک پێکهاتەی جیاجیا هەن، ئەگەر یەکێکیشیان خوازراو بێت بۆ تەندروستیی کەسەکە، دوور نییە چەند دانەیەکیان نەخوازراو بن، بۆیە بەبێ رێنمایی کەسانی پسپۆڕ نابێت گیادەرمانیش بەکاربهێنرێت".

پسپۆرەکە دژی ئەو بۆچوونە باوەیە کە گوایە چارەسەری شێرپەنجە دۆزراوەتەوە و کۆمپانیاکان ئاشکرای ناکەن "یەکەم شێرپەنجە جۆری زۆرە و دەرمانێکی سیحری نییە هەموویان چارەسەربکات، دووەم کۆمپانیاکان زۆرترین پارە خەرجدەکەن لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی دەرمانی نوێی دژە شێرپەنجە و سێهەم کۆمپانیایەک کە دەرمانێکی نوێ دەدۆزێتەوە پەلەیەتی زوو بیخاتە بازاڕ تاوەکو داهاتێکی باشی لێدەستبکەوێت، چونکە کە دەرمانی نوێ دەدۆزرێتەوە لەلایەن هەر کۆمپانیایەک تاوەکو چەند ساڵیک تەنیا خۆی بۆی هەیە بیفرۆشێت".