وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، 80%ـی دەرمانی ناو دەرمانخانەکان کۆنتۆڵکراوە و ستیکەری دژە ساختەی لەسەرە، بەڵام هێشتا دەرمانی بێستیکەر لە بازاڕدا هەیە.
د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی بە کەناڵ8ـی راگەیاند، تیمەکانی وەزارەتی تەندروستی بەردەوام چاودێری بازاڕ دەکەن و دەست بەسەر هەر جۆرە دەرمانێکدا دەگرن کە بە نایاسایی هاتبێتە هەرێمی کوردستانە.
گوتیشى، "هەر دەرمانخانە و کۆگایەک دەرمانی بێستیکەر و نایاسایی بفرۆشێت رووبەڕووی سزای توندی دەکەینەوە".
لەبارەی رێکارەکانی وەزارەتی تەندروستی بۆ رۆژانی جەژن، وەزیری تەندروستی رایگەیاند، هەموو ئامادەکارییەکیان بۆ خۆپارێزی تەندروستی هاونشتیمانیان کردووە، بەڕێوبەرایەتییە گشتییەکان لەرووی خزمەتگوزارییەکانی دەرمان و چارەسەر و خواردنی نەخۆش لە نەخۆشخانەکان، لیژنەی بەدواداچوونی رۆژانەیان هەیە.