پزیشکێکی دەرمانساز: شروبی شل مانگێک و شروبی گیراوە هەفتەیەک زیاتر هەڵنەگیرێن

د. رۆژهات کامەران، پزیشکی دەرمانساز، لە ستودیۆی کەناڵ8

کەناڵ8- سلێمانی

پزیشکێکی دەرمانساز رێنماییە دروستەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دەرمان لە شێوە جیاجیاکانیدا رووندەکاتەوە.

د. رۆژهات کامەران، پزیشکی دەرمانساز، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵ8 دەڵێت "حەب ئەگەر لە پلەی گەرمیی گونجاودا بێت، دەتوانرێت بۆ چەند ساڵ بەکاربهێنرێت تاوەکو بەرواری بەسەرچوونەکەی، بەڵام شروب کە هەڵپچڕا تەمەنی بەکارهێنانی دەبێت ئێجگار کورتبکرێتەوە، تەنانەت ئەگەر بەرواری بەسەرچوونیشیان زۆری مابێت؛ بەجۆرێک شروبی شل مانگێک و شروبی گیراوە هەفتەیەک زیاتر هەڵنەگیرێن".

لەبارەی شێوازی دروستی مامەڵە لەگەڵ کرێم و لۆشنەکانیش دەڵێت "کە هەڵپچڕان لە مانگێک زیاتر بەکارنەهێنرێن، چونکە هەم کاریگەرییان کەمدەبێتەوە، هەم دوور نییە بە بەرکەوتنی هەوا و پێست بەکتریایان تێدا کۆببێتەوە. هەروەها لەلایەن زیاتر لە کەسێکەوە بەکارنەهێنرێن، چونکە رەنگە ببنەهۆی گواستنەوەی میکرۆب لەنێوان کەسە بەکارهێنەرەکان".

پزیشکە دەرمانسازەکە لەبارەی کرێمی دژەخۆریشەوە روونکردنەوەی هەیە و دەڵێت کە بەشێکیان رێگریی کیمیایی دەکەن لە گەیشتنی تیشکەکە بە پێست بە هەڵمژینی تیشکەکان و بە سەنسکرین دەناسرێن. بەشێکی دیکەش رێگریی فیزیکی دەکەن بەوەی تیشکەکە پەرچدەکەنەوە و ناهێڵن تیشکەکە پێیاندا تێپەڕببێت بۆ پێستەکە. وەکو باسیدەکات بۆ هەردوو جۆرەکە دەبێت هەموو دوو کاتژمێرێک جارێک دژەخۆر لەسەر پێست نوێبکرێتەوە.

لەبارەی جیاکەرەوە باشەکانی کرێمی دژەخۆریش دەڵێت "توانای رێگریی لە تیشکی خۆر (SPF) لە 30 کەمتر نەبێت، ئاو نەیشواتەوە، هەستەوەری دروستنەکات و زیپکە دروستنەکات، ئەم جیاکەرەوانە ئەگەر هەبن لەسەر پاکەتی دژەخۆرەکە دەنووسرێن".