پسپۆڕێک: گرنگە تانکیی ئاوی خواردنەوە پاکبکرێتەوە

د. ئەحمەد سەعید، پسپۆڕی فریاکەوتنی هەناوی

پزیشکێکی پسپۆڕی فریاکەوتنی هەناوی دەڵێت لەگەڵ هاتنی وەرزە گەرمەکاندا، لە هەموو جیهاندا هەندێک جۆری پەتا پەرەدەسێنن، پەتای سکچوون و رشانەوەش یەکێکە لە سەرەکیترین ئەو پەتایانەی کە بڵاودەبنەوە.

د. ئەحمەد سەعید، پسپۆڕی فریاکەوتنی هەناوی، لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵ8 دەڵێت، نێوان 35 بۆ 39 پلەی سیلزی باشترین پلەی گەرمییە بۆ تەشەنەکردنی ئەو بەکتریایانەی دەبنەهۆی تووشبوون بە سکچوون و رشانەوە؛ "گەرما یارمەتیدەرە بۆ تەشەنەکردنی میکرۆبەکان، لە هەمانکاتدا وادەکات خۆراک زوو تێکبچێت، هەربۆیە دەبینین حاڵەتەکانی ژەهراویبوون بە خۆراکیش لە وەرزە گەرمەکاندا زیاترن".

سەبارەت بە هۆکاری بڵاوبوونەوەی سکچوون د. ئەحمەد دەڵێت: "سکچوون و رشانەوە زیاتر نەخۆشیی ئەو وڵاتانەن کە سیستمی ئاوەڕۆ و پاکوخاوێنیی خۆراکییان پێشکەوتوو نییە".

پسپۆڕەکە دەڵێت هەندێجار سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە پاکە، بەڵام ئەو تانکییەی کە ئاوەکەی تێدا هەڵدەگیرێت پیسە و دەبێتەهۆی نەخۆشی؛ "هەربۆیە گرنگە ساڵانە تانکیی ئاوی خواردنەوە پاکبکرێتەوە و پشکنینی بۆ بکرێت".

د. ئەحمەد سەعید ئاماژەشی بەوە کرد کە کوردستان یەکێکە لەو ناوچانەی جیهان کە "راستە زۆر پێشکەوتوو نییە، بەڵام لە ئاستێکی مامناوەند دایە، چونکە ساڵانە بەشی لێکۆڵینەوە لە نەخۆشییە گوازراوەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوی تەندروستیی جیهانی پشکنین بۆ پاکوخاوێنیی سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوە و خواردنگەکان دەکات".

پسپۆڕەکە دەڵێت رێکارەکانی رێگریکردن لە سکچوون لە هەموو جیهاندا بە هەمان شێوەن؛ "لە وڵاتێکی زۆر پێشکەوتووشدا ئەگەری ئەوە هەیە کە تووشی ژەهراویبوون بە خۆراک ببین".

سەبارەت بە چارەسەری سکچوون و رشانەوە د. ئەحمەد رێنمایی هاونیشتمانییان دەکات بەبێ راوێژی پزیشک چارەسەر وەرنەگرن؛ "حەبی فلاجیل یەکێکە لەو چارەسەرانەی کە خەڵک بەبێ رەچەتەی پزیشک بەکاریدەهێنێت، ئەمە هەڵەیە و دەبێت تەنیا پاش پشکنینی پزیشکی حەبەکە بەکاربهێنرێت".

 د. ئەحمەد سەعید دەڵێت مەرج نییە هەموو حاڵەتێکی سکچوون پێویستی بە چارەسەر بێت لەڕێگەی کانۆلاوە، لە کاتی سەردانکردنی نەخۆشخانەدا و بینینی چارەخواز لەلایەن پزیشکەوە بڕیاردەدرێت لەوەی کە ئایا پێویستی بە کانۆلایە یان نا؛ "لە کاتی پێویستدا کانۆلا بۆ چارەخوازان دادەنێین و لەڕێگەی کانۆلاکەوە خوێ، کانزا و دەرمانەکانی دیکەیان پێدەدەین".

لە کۆتاییدا د. ئەحمەد ئاماژە بەوە دەکات کە گورچیلە یەکێکە لەو ئەندامانەی کە زۆر هەستیارە بە وشکبوونەوە و پێویستە ئەو کەسانەی کە لە کاتی سکچوون و رشانەوەدا شلەیەکی زۆریان لێدەڕوات و نیشانەکانی سکچوونیان تێدا دەردەکەوێت بەزووترین کات سەردانی نەخۆشخانە بکەن بۆ ئەوەی چارەسەری پێویستیان بۆ بکرێت و لە سستبوونی گورچیلە بەدووربن.