یەک لە سێ کەس لە جیهاندا ئاوی ناخاوێن بەکاردەهێنن!

ئاوی پیس چەندین کەلێن لە تەندروستیی گشتیدا دروستدەکات. فۆتۆ: AP

رێکەوتی 22ی ئاداری هەموو ساڵێک لەلایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە تەرخانکراوە بۆ ئاو. دروشمی ئەمساڵی رۆژەکە بریتییەلە "ئاو لەپێناو ئاشتی"، ئەم دروشمە جەختدەکاتەوە لەسەر گرنگیی ئاو لە پەرەپێدانی ئاشتی و هەماهەنگی لەناو وڵاتانی جیهاندا.

سەرەڕای ئەوەی بڕی پێویست ئاو لە جیهاندا هەیە، ژمارەیەکی زۆری خەڵک لە جیهاندا ئاوی ناخاوێن بۆ خواردنەوە، چێشتلێنان، خاوێنکردنەوە و خۆشتن بەکاردەهێنن. بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی دوو ملیار و 200 ملیۆن کەس لە جیهاندا لە ئاوی خاوێن بێبەشن. رێژەیەکی زۆری ئەم ژمارەیەش لە وڵاتە هەژار و مامناوەندەکانن، ئەم وڵاتانە بەهۆی جەنگ و گۆڕانی کەشوهەواوە قوربانیی سەرەکیی کەمیی ئاوی خاوێنن.

نەبوونی سەلامەتیی ئاو کەلێنێکی گەورە لە تەندروستیی گشتیدا دروستدەکات، ئاوی ناخاوێن دەبێتەهۆی زیادبوونی بەکتریا، ڤایرۆس و مشەخۆرەکان و ئەمانەش هۆکارن بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکان.

سەرەکیترین و یەکێک لە مەترسیدارترین نەخۆشییەکان کە بەهۆی ئاوی ناخاوێنەوە دەگوازرێتەوە، سکچوون و رشانەوەیە. ئەم نەخۆشییە هۆکارێکی سەرەکیی گیانلەدەستدانی منداڵانە لە جیهاندا. بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ساڵانە 443 هەزار و 832 منداڵی خوار پێنج ساڵ بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە گیانلەدەستدەدەن، واتە لە رۆژێکدا نزیکەی هەزار و 200 منداڵ بەم هۆیەوە گیانلەدەستدەدەن.

سکچوون و رشانەوە تاکە لێکەوتەی ئاوی ناخاوێن نین، بەڵکو کاریگەرییەکانی ئاوی ناخاوێن دەکرێت هۆکاربن بۆ بەدخۆراکی و پەککەوتنی گەشەی مێشک، ئەو کەسانەشی خۆیان نەخۆشییەکی درێژخایەنیان هەیە دەکرێت بەهۆی ئاوی پیسەوە نەخۆشییەکەیان خراپتربێت.

ئاو سەرچاوەیەکی گرنگی چالاکییەکانی جەستەی هەموو زیندەوەرانە، رێکخستنی پلەی گەرمیی جەستە، وەرگرتنی ماددە خۆراکییەکان و دەرکردنی پاشەڕۆکان چەند نموونەیەکی ئەو چالاکییانەن کە بە یارمەتیی ئاو روودەدەن.

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم رۆژەدا دەڵێت: "ئاو تەنیا سەرچاوەیەک نییە، بەڵکو مافێکە". رێکخراوەکە داوا لە وڵاتان دەکات لەپێناو بەردەستخستنی ئاوی خاوێن کاربکەن و ئەو هەنگاوانە بگرنەبەر کە سەرچاوە ئاوییەکان دەپارێزن، هەموو ئەمانەش وادەکەن جیهان داهاتوویەکی تەندروست و سەلامەتی هەبێت.