د. گۆران محێدین: کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر تەندروستی لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش بەدیدەکرێن

د. گۆران محێدین، پسپۆڕی هەناوی

د. گۆران محێدین، پسپۆڕی هەناوی، لە میانی بوڵتنی تەندروستیی کەناڵ8دا کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەر تەندروستیی مرۆڤ روونکردەوە.

د. گۆران محێدین گوتی "کە باس لە گۆڕانی کەشوهەوا دەکرێت تەنیا مەبەست لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی نییە، بەڵکو چەندین گۆرانکاری دیکە دروستدەبن کە پەیوەندیی راستەوخۆیان بە تەندروستیی جەستەی مرۆڤەوە هەیە وەکو کەمبوونەوە و پیسبوونی ئاو و سەرچاوەکانی خۆراک، ئاگرکەوتنەوە، لافاو، زەمینلەرزە و خۆڵبارین".

پسپۆڕەکە گوتیشی "زۆر هۆکار هەن رێژەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر تەندروستیی مرۆڤ دیاریدەکەن بۆ نمونە؛ تەمەنی کەسەکە، ئەو شوێنەی لێی دەژی، ئەو نەخۆشییانەی کەسەکە هەیەتی، ئایا کەسەکە لە وەرزە گەرمەکاندا فێنککەرەوە بەکاردەهێنێت یان نا، شێوازی ژیان، سەرچاوەی خۆراک و ئاو و زۆر هۆکاری دیکەش"

د. گۆران محێدین گوتیشی تەنانەت ئەو کەسانەی بە تەنیا دەژین، کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر تەندروستییان زیاترە بەراورد بەو کەسانەی کە بە تەنیا ناژین.

سەبارەت بە ئەو نیشانە تەندروستییانەی بەهۆی گۆڕانی پلەی گەرمییەوە دروستدەبن، پسپۆڕەکە گوتی "لەکاتی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیدا، لەوانەیە هەندێک کەس چەند نیشانەیەکی سەرەتاییان بۆ دروستببێت وەکو ئازاری جەستە، هێڵنج، رشانەوە و سەرئێشە، لە هەندێکی دیکەشدا لەوانەیە نیشانەکان زۆر توندتربن وەکو خێرالێدانی دڵ، دابەزینی پەستانی خوێن، لەهۆشخۆچوون و گەشکە، لە ئەگەری هەبوونی ئەم نیشانانەدا پێویستە سەردانی نەخۆشخانە بکرێت پێویستە سەردانی پزیشک بکات"

لەکاتی دابەزینی پلەی گەرمیشدا دەکرێت نەخۆشەکە پلەی گەرمیی جەستەی بە شێوەیەک داببەزێت کە گوتیشی "کۆئەندامەکانی جەستەی وردەوردە لەوانەیە وایانلێبێت لەکاربکەون و پێویستە ئەمانیش بەزووترین کات سەردانی پزیشک بکەن".

د. گۆران محێدین ئاماژەشی بەوەدا کە لە وەرزە ساردەکاندا، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە، نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان زیاتر بڵاودەبنەوە وەکو پەتای وەرزی و کۆرۆناش. هاوکات، لە مانگەکانی هاویندا، زیاتر ئەو نەخۆشییانە دەردەکەون کە پەیوەندییان بە سەرچاوەکانی ئاو و خۆراکەوە هەیە بۆ نمونە، لە چەند ساڵی رابردوودا پەتای خوێنبەربوون لە ناوچەکانی باشووری عێراق زۆربوو لەبەرئەوەی ئەو گەنەیەی نەخۆشییەکە دەگوازێتەوە لە وەرزە گەرمەکاندا زیاترن و شێوازی ژیانی گەنەکە لە ناوچەکانی باشووری عێراقدا گونجاوترە، لە هەرێمی کوردستانیش لە وەرزە گەرمەکاندا سکچوون و کۆلێرا بڵاوبوون.