گەرمترین مانگی شوبات لە مێژوودا تۆمارکرا

توێژەران لە راپۆرتێکی نوێدا ئاماژەیان بەوەکردووە، نۆ مانگە لەسەر یەک گەرمترین مانگ لە جیهان تۆمار دەکرێت، بەگوێرەی ئامارەکان شوباتیش گەرمترین مانگی شوبات بووە لەمێژوودا تۆمارکرابێت.

خزمەتگوزاریی گۆڕانی کەشوهەوای یەکێتیی ئەوروپا لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە، پلەی گەرمی سەر رووی دەریاش بەرزترین ئاستی تۆمارکردووە.

بەگوێرەی راپۆرتەکە ژمارەکان بەم جۆرە بوون، مانگی شوباتی ئەمساڵ بە تێکڕای 1.77 پلەی سیلیزی لە قۆناغی بەر لە پیشەسازی گەرمتر بووە و 0.81 پلەی سیلیزی لە ساڵانی 1991 بۆ 2020 بەرزتربووە.

بەمجۆرەش ئێستا پلەی گەرمی جیهان بەشێوەیەکی کاتیش بێت لە 1.5 پلەی سیلیزی لە قۆناغی بەر لە پیشەسازی لەساڵی 1850 بۆ 1900 بەرزترە.

هەر بەگوێرەی هەمان راپۆرت، لە 8 بۆ 11ی شوبات پلەکانی گەرما لە رۆژەکانی دیکە گەرمتربوون و 2 پلەی سیلیزی گەرمتر لە قۆناغی بەر لە پیشەسازی تۆمارکراوە.

12 مانگی رابردوو بەرزترین پلەی گەرمی بۆهەر مانگێک تۆمارکراوە و لەسەدا 90ی دانیشتوان بەلایەنیکەم بە 10 رۆژدا تێپەڕیون کە بەرزی پلەکانی گەرما کاریگەری کردووەتە سەر پلەی گەرمی زەوی.

ساڵانەش کۆنفرانس و کۆبوونەوەی تایبەت لەنێوان سەرکردە و کەسایەتییە سیاسییەکانی جیهان بەمەبەستی رێگرتن لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی زەوی و گۆڕنکارییەکانی کەشوهەوا ئەنجامدەدرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا بەگوێرەی داتاکان پلەی گەرمی لە بەرزبوونەوە بەردەوامە.