کیشوەری ئەورووپا لەژێر مەترسیی گەرمبوونی جیهانیدایە

دیاردەی گەرمبوونی جیهانی مەترسییەکی گەورەیە لەسەر تەندروستیی هەموو زیندەوەران

راپۆرتێکی نوێ دەریدەخات کە لەنێو کێشوەرەکانی جیهاندا، ئەورووپا خێراترین رێژەی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی هەیە و دەکرێت کاریگەریی بەرچاوی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر کیشوەرەکە دەربکەوێت.

هەردوو رێکخراوی کەشناسیی جیهانیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوی کۆپەرنیکۆس، کە ئاژانسی کەشوهەوای سەر بە یەکیێتیی ئەورووپایە، لە راپۆرتێکی هاوبەشدا ئاماژەیان بەوە کردووە پلەی گەرمیی کیشوەری ئەورووپا بەراورد بە کیشوەرەکانی دیکەی جیهان، نزیکەی دوو ئەوەندە خێراتر زیاددەکات. بەجۆرێک لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا، پلەی گەرمیی کیشوەرەکە 2.3 پلەی سیلیزی لە سەرووی سەردەمی پێش پیشەسازییەوە بووە، لە کاتێکدا لە ناوچەکانی دیکەی جیهان تەنیا 1.3 پلە زیاتر بووە.

هەرچەندە کیشوەری ئەورووپا هەنگاو بەرەو ئەوە دەنێت کە سەرچاوەی وزەکەی بکات بە وزەی خاوێن و لە ساڵی رابردوودا نزیکەی %43  وزەی کیشوەرەکە لە سەرچاوە خاوێنەکانەوە وەرگیراوە، بەڵام راپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە هێشتا هەنگاوەکان وەکو پێویست نین و دەبێت هەنگاوی خێراتربنرێت بۆ رێگریکردن لە دیاردەی گەرمبوونی جیهانی.

پسپۆڕان ماوەی چەند ساڵێکە هۆشداری دەدەن سەبارەت بە دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا و باس لەوە دەکەن کە ئەگەر شێوازی بەڕێوەچوونی پرۆسە پیشەسازییەکانەوە و بەکارهێنانی وزە نەگۆڕین، لە ماوەی چەند ساڵی داهاتوودا کارەساتی گەورەی سروشتی چاوەڕێی جیهان دەکەن