/

جوتیارانی ئەندیس چۆن رووبەڕووی گۆڕانی کەشوهەوا دەبنەوە؟

کشتوکاڵکردن بەڕێگەی وارو وارو, فۆتۆ: AFP

ئەندازیارێکى کشتوکاڵیی رایگەیاند، گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەریی نەرێنی کردووەتەسەر بەروبوومە کشتوکاڵییەکان و جوتیارانیش گەڕاونەتەوە بۆ رێگە کۆنەکانى باوباپیرانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەى گۆڕانى کەشوهەوا.

گاستۆن کیسبی، ئەندازیارى کشتوکاڵى بە ئاژانسی هەواڵى فرانس پرێسی راگەیاند، سوودێکی دیکەی بەکارهێنانى رێگە کۆنەکانى پێشتر ئەوەیە جوتیاران دەتوانن بەئاسانیی پەتاتە، گەنم، جۆ و جۆرەکانی دیکەى دانەوێڵە دابچێنن، لەکاتی کەمئاویدا و بەرهەمێکی باشیان دەستبکەوێت.

هاوکات سیزار کۆتیبا، جوتیارێکى پیرۆییە و دەڵێت، تەکنیکی کۆنی کشتوکاڵکردن کە بە وارو وارو ناسراوە، دەتوانێت یارمەتیمان بدات لە رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵیی، زوقم و بەسەتەڵەکدا.

جوتیاران لە بەرزاییەکانی بۆنۆ لە شاخی ئەندیس، لە سنووری نێوان پیرۆ و بۆلیڤیا، دەستیانکرد بە كشتوکاڵکردن بە تەکنیکی وارو واروى شێوە بازنەیی، لەنێوان دوو بازنەی چێندراودا بە شەتڵەکان، جۆگەلەیەکیان دروستکردووە بە قوڵیی یەک مەتر و ئاوی پێدا دەڕوات، سوودەکەی ئەوەیە بە رۆژ گەرمیی لە خۆر وەردەگرێت و بە شەویش گەرمییەکە دەداتەوە، بەمەش ناهێڵێت شەتڵەکان بمرن، بەهۆی زوقم و بەستەڵەکەوە.

تەکینیکی وارو وارو، دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ پێش ئێستا لە ناوچەی ئیمارا، بەبڕیاری ئیمپراتۆر ئینکاى ئةمريكاى باشوور، لەسەدەی پانزەدا کشتوکاڵکردن بەو رێگەیە وەستێندرا.