تەندروستیی عێراق: ئەوەی دەنگۆ دژی پێکوتەی سوورێژە بڵاوبکاتەوە رووبەڕووی یاسای دەکەینەوە

د. سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق..فۆتۆ: واع

کەناڵ8- سلێمانی

وەزارەتی تەندروستیی عێراق دەڵێت حکومەت مەبەستیەتی لە چوارچێوەی هەڵمەتی کوتانی دژەسوورێژەدا، حەوت ملیۆن منداڵ بکوترێن و هەر کەس و لایەنێکیش دژ بە پێکەوتەی سوورێژە دەنگۆ بڵاوبکاتەوە، رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.

د. سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، بە ئاژانسی دەنگوباسی عێراق (واع)ی گوتووە "وەزارەتی تەندروستی بە توندی ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە دەڵێن ڤاکسینی دژەسوورێژە کارناکات یان دەبێتەهۆی گواستنەوەی نەخۆشی، ئەم دەنگۆیانە مەبەستیان بەلاڕێدابردنی رای گشتییە".

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق هەروەها دەڵێت "وەزارەت بەپێی رێکارەکانی دەستەی مێدیا و گەیاندنەکان رێوشوێنی یاسایی دەگرێتەبەر دژ بە هەر کەسێک و هەر مێدیایەک کە میوانداری کەسێک بکات کە دەنگۆی نادروست لەبارەی ڤاکسینی سوورێژە بڵاودەکەنەوە، چونکە بڵاوکردنەوەی زانیاریی نادروست دەبێتە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی تەندروستیی وڵات".

لە درێژەی لێدوانەکەیدا، د. سەیف بەدر دەڵێت "هەزاران تیمی تەندروستی لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە بە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیشەوە، کار لەسەر جێبەجێکردنی هەڵمەتی کوتانی دژەسوورێژە دەکەن و پلانەکە بەو شێوەیەیە کە حەوت ملیۆن منداڵ بکوترێن".

وەکو بەرپرسە عێراقییەکە ئاماژەیپێکردووە هەڵمەتەکە 10 رۆژ دەخایەنێت و بەو پێیە ئێستا لە رۆژی پێنجەمی هەڵمەتەکەداین.