لە نەخۆشخانەی شەهید سەڵاحی دەروونی نیوەڕۆخوانێک بۆ کۆکردنەوەی چارەخوازان لەگەڵ خێزانەکانیان رێکخرا
یەکشەممە 28ـی نیسان، لە نەخۆشخانەی شەهید سەڵاح لە شاری سلێمانی، نیوەڕۆخوانێک بۆ کۆکردنەوەی چارەخوازان لەگەڵ خێزانەکانیان بەڕێوەچوو. لە نیوەڕۆخوانەکەدا کۆمەڵێک چالاکی ئەنجامدران و موزیک بۆ چارەخوازان ژەنرا.
کارگێڕیی نەخۆشخانەکە، کە نەخۆشخانەیەکی تایبەتە بە چارەسەرکردنی نەخۆشییە دەروونییەکان، بە یارمەتیی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی، بە مەبەستی بەسەربردنی کاتێکی خۆش و رۆژێکی جیاواز، چارەخوازەکان و کەسوکاری چارەخوازەکانیان کۆکردەوە.
سەیوان حەسەن کە توێژەرێکی کۆمەڵایەتیی نەخۆشخانەکەیە بە کەناڵ8ـی گوت " لێرە تەنیا دەرمان نادەین بە چارەخوازەکانمان بەڵکو لە رێگەی رێکخستنی ئەم نیوەڕۆخوانەوە، چارەخوازەکانمان لەگەڵ خێزانەکانیان کۆدەکەینەوە بۆئەوەی لە رووی دەروونیەوە ئاسوودەبن و کاتێکی خۆش بەسەرببەن" .
بە گوتەی توێژەرەکە بەشێک لە چارەخوازەکان و کەسوکارەکانیان رەخنەیان لە دۆخی نەخۆشخانەکە هەیە و دەڵێن کە شوێنەکە زۆر بچوکە و وەکو بەندینخانە دێتە پێشچاویان.
کارگێڕیی نەخۆشخانەکە دەڵێن ئێستا گرفت هەیە، بەڵام هەوڵێک هەیە بۆ چارەسەری گرفتەکە.
زانا سەید ئیبراهیم، بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەکە بە کەناڵ8ـی گوت " ئێستا فشارێکی زۆر لەسەر نەخۆشخانەی شەهید سەڵاح هەیە و زیاتر لە 40 چارەخواز لە سەرەدان بۆ تۆمارکردنیان لە نەخۆشخانەکەدا، بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی نەخۆشخانەیەکی نوێی دابینکردووە کە لە رووی بینا و پێداویستییەوە کەموکورتی نییە، ئەگەر ئەو نەخۆشخانە نوێیە بکرێتەوە، ئەو سەرە دوورە نامێنێت و هەموو چارەخوازێک دەتوانێت سوود لە خزمەتگوزارییەکانی نەخۆشخانەکە ببینێت."
ئێستا لە جیهاندا یەکێک لە رێگەچارەسەرەکانی گرفتە دەروونییەکان پتەوکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە و رێکخستنی چالاکی لەم چەشنەش دەکرێت سوودمەندبەخش بێت بۆ چارەخوازانی دەروونی.