هەندێک کەس بە گومانەوە بڕیاردەدەن لەبارەی کوتانی منداڵەکانیان لە هەڵمەتی نیشتیمانیی کوتانی دژە سوورێژەدا، وادیارە وەکو پێویست ئاگاداری مەترسییەکانی سوورێژە لەلایەک و سوود و گرنگییەکانی ڤاکسینی تێکەڵەی سوورێژە لەلایەکی دیکە نین.
گرنگە چەند پەیامێکی زانستیی دروست بزانین لەسەر نەخۆشیی سوورێژە و ڤاکسینی سوورێژە:
یەکەم: نەخۆشیی سوورێژە، بە خێراترین نەخۆشیی درمیی ڤایرۆسی دادەنرێت، زۆر خێرایە لە بڵاوبوونەوە و ئەگەر کەسێک بەرکەوتەی لەگەڵ 10 کەسدا هەبێت، ئەوا نۆیان تووشی هەوکردن بە ڤایرۆسەکە دەبن. لە سوورێژەدا هەوکردنی سییەکان و مێشک، بە هۆکاری سەرەکیی گیانلەدەستدان دادەنرێن.
دووەم: پێش دۆزینەوەی ڤاکسینی سوورێژە لە شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی رابردوو، نەخۆشییەکە بە یەکێک لە سەختترین نەخۆشییە درمییەکان دادەنرا و رێژەیەکی زۆر لە تووشبووان یان گیانیانلەدەستدەدا یان تووشی ماکە درێژخایەنەکانی نەخۆشییەکە دەبوون. ژمارەی مردن بەهۆی نەخۆشییەکەوە بەتایبەت لە جیهانی سێیەم، ساڵانە 2.5 ملیۆن منداڵ بوو، ئێستا و پاش دۆزینەوەی ڤاکسینی سوورێژە، رێژەکە کەمترە لە 140 هەزار مردن لە ساڵێکدا.
سێیەم: تەنیا ڤاکسین دەتوانێت بەتەواوی کۆتایی بە نەخۆشییەکە بهێنێت، بەجۆرێک دەبێت زیاتر لە 90%ی ئەو منداڵانەی کە پڕۆگرامی ڤاکسینەکە دەیانگرێتەوە، ڤاکسینەکە وەربگرن.
چوارەم: ڤاکسینی سوورێژە یان ڤاکسینی سیانی، ڤاکسینێکی سەلامەتە، ئەو باوەڕەی کە دەگوترێت منداڵ تووشی ئۆتیزم دەکات، هیچ بنەمایەکی زانستی نییە، بە پێچەوانەوە ئەو منداڵانەی کە تووشی هەوکردنی سورێژە دەبن و تووشی ماکەکانی نەخۆشییەکە دەبن لەسەر کۆئەندامی مێشک و دەمار، رێژەی تووشبوون بە ئۆتیزم تێیاندا بەرزترە.
پێنجەم: هەندێک گروپ لە منداڵان نابێت ڤاکسینی سوورێژە وەربگرن، ئەوانیش وەکو: ئەوانەی هەستیاریی توندیان بەرامبەر پێکهاتەی ڤاکسینەکە هەیە و ئەوانەی سیستمی بەرگریی لەشیان بەهەر هۆکارێک کەمبووبێتەوە، وەکو (تووشبووانی شێرپەنجە، ئەوانەی دەرمانی کەمکردنەوەی بەرگریی جەستە بەکاردەهێنن یان چاندنی ئەندامێکیان بۆ کراوە.
شەشەم: بڕوات بە زانست هەبێت و گوێ لە کەسانی نابەرپرس مەگرە، دڵ لە دڵ مەدە و تاوەکو زووە هەوڵ بدە منداڵەکەت بەشداربێت لەو هەڵمەتە نیشتمانییە و ڤاکسینەکە وەربگرێت.
د. زانا دزەیی
پسپۆڕی وردی کۆئەندامی هەناسە و سییەکان