لە پێنج رۆژدا لە عێراق چوار ملیۆن منداڵ لە قوتابخانەکان کوتراون

کوتانی منداڵێک لە دژی سوورێژە لە گەڕەکی بەکرەجۆی سلێمانی..وێنە: تەندروستیی سلێمانی

گووتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق دەڵێت لە پێنج رۆژی یەکەمی هەڵمەتی کوتانی دژەسوورێژەدا چوار ملیۆن منداڵ لە قوتابخانەکاندا کوتراون لە کۆی حەوت ملیۆن منداڵ و بەوەش رێژەکە زیاتر لە نیوەیە و هەڵمەتەکەش هێشتا پێنج رۆژی دیکەی ماوە.

د. سەیف بەدر، گووتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی گووتووە کە دەبێت لە 10 رۆژا حەوت ملیۆن منداڵ لە قوتابخانەکان بکوترێن، تاوەکوو رۆژی پێنجەم چوار ملیۆن منداڵیان کوتاوە. "رۆژی یەکەم و دووەم رۆژانە 700 هەزار منداڵمان کوتا، رۆژی سێیەم 900 هەزار و هەرەیەکە لە رۆژانی چوارەم و پێنجەم 800 هەزار منداڵمان کوتاوە".

بەپێی ئەو ئامارەی لای وەزارەتی تەندروستیی عێراقە، لە رۆژی پێنجەمی کوتانەکەدا بە گشتی 55٪ی ئەوانەی کوتان دەیانگرێتەوە کوتراون، زۆرترین رێژەی کوتان لە سێ پارێزگای باشووری عێراقە (بەسرا 72٪، موسەننا 71٪ و میسان 70٪)، کەمترین رێژەی کوتانیش لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانە (سلێمانی 19٪، دهۆک 27٪ و هەولێر 29٪).

وەکو گووتەبێژەکە دەڵێت ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستیی عێراق، داوای لە دایکوباوکان کردووە هاریکاربن لەگەڵ تیمەکانی وەزارەتی تەندروستی بۆ ئەوەی کوتانی دژەسوورێژە بگاتە هەموو ئەو مندالانەی هەڵمەتەکە دەیانگرێتەوە.