هەڵمەتی کوتان دژی سوورێژە لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد

ئەمڕۆ سێشەممە، 16ی نیسانی 2024، هەڵمەتێکی کوتان دژی نەخۆشیی سوورێژە لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد کە وا بڕیارە دە رۆژ بخایەنێت.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە شاری دهۆک، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان، د. سامان بەرزنجی رایگەیاند کە هەڵمەتەکە لە گوندێکی کوردستانەوە دەستیپێکردووە و بڕیارە هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بگرێتەوە.

د. سامان بەرزنجی باسی لە گرنگیی ئەم هەڵمەتە کرد و گوتی سوورێژە نەخۆشییەکی گوازراوەیە و ئەگەر لە رێگەی کوتانەوە رێگری لێنەکرێت ئەوا نەخۆشییەکە بە شێوازێکی بەرچاو بڵاودەبێتەوە، هەربۆیە ئەمساڵ لە رێگەی ئەم هەڵمەتەوە هەوڵدەدەن بەرگری دژی نەخۆشییەکە لە منداڵاندا دروستبکەن یان زیاد بکەن.

وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماژەشی بەوەدا کە هەڵمەتەکە 873 هەزار و 191 منداڵ لە قۆناغەکانی باخچە تاوەکو کۆتایی قۆناغی بنەڕەتی دەگرێتەوە، تێیدا سێ هەزار و 280 کارمەندی تەندروستی لە سێ هەزار قوتابخانەدا و بە دە هەزار سەردان، هەڵمەتەکە بەرێوەدەبەن. لەگەڵ ئەوەشدا هەڵمەتەکە لەلایەن هەزار و سەد سەرپەرشتیارەوە سەرپەرشتی دەکرێت و بڕی یەک ملیار دینار خەرجیی پڕۆسەکەیە.